Skip to the content
Menu

گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ له‌ژێر ناوونیشانی زەمینەسازی بۆ بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٧/٢٦، بەئامادەبوونی د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان بەهاوکاریی ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، نوێنەرانی کونسوڵخانەی ئەلمانیا و ڕێکخراوی کۆنراد ئەدیناوەری ئەڵمانی و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان (یۆنامی)، گفتوگۆیەکی کراوە لەژێر ناوونیشانی زەمینەسازی بۆ بەناوخۆییکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، بۆ لێژنەکانی (كاروبارى یاسایی، كاروبارى شەهیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی، كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافی مرۆڤ) ڕێکخست.
سەرەتا د. ڕێواز فائق، سەرۆکی په‌رله‌رمانی کوردستان، لە وتەیه‌کیدا گرنگیی بابەتەکەی خستەڕوو و ڕاشیگەیاند: "ئه‌گه‌ر بابه‌تی به‌ ناوخۆییكردنی یاسا نێوده‌وڵَه‌تییه‌كان بۆ به‌شێكی زۆر له‌ گه‌لانی دونیا بابه‌تێكی ئه‌كادیمی بێت و په‌یوه‌ست بێت به‌ مافه‌كانی مرۆڤ، ئه‌وا بۆ گه‌لی ئێمه‌ بابه‌تی بوون و ژیانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی پێشێلكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی ئێمه‌ كراون له‌ ژماره‌ نایه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانی له‌ گفتوگۆ كراوه‌كانی نێو ئه‌م دیداره‌ ده‌كه‌ین".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان، گووتیشی: "هه‌موو ئه‌و چه‌مكه‌ پیرۆزانه‌ی كه‌ گه‌لی ئێمه‌ شانازیی پێده‌كات له‌باره‌ی كلتووری یه‌كتری قبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی كاریگه‌ریی خراپی ئه‌و زنجیره‌ تاوانكاری و دوژمنكارییانه‌ی كه‌ له‌ ڕابردوودا ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی ئێمه‌ كران، جۆرێك له‌ گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌ ئاراسته‌ی گۆڕانی چه‌مكه‌ پیرۆز و جوانه‌كان بۆ كلتووری ڕقلێبوونه‌وه‌ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كتری، هه‌روه‌ها ده‌ستبردن بۆ ناشیرینكردن و تێكشكاندنی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌ پیرۆزه‌كان. بۆیه‌ له‌ ئێستادا په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕِاوێژدایه‌ بۆ ئاماده‌كردنی پێشنیازه‌یاسایه‌ك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كلتووری ڕقلێبوونه‌وه‌ و قبووڵنه‌كردنی مافی ئه‌ویتر".
هیوایشی خواست كه‌ كاره‌كانی ئه‌م گفتوگۆ كراوه‌یه‌ بگاته‌ ده‌رئه‌نجامی باش و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ یاساییانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت به‌ بابه‌تی به‌نێوخۆییكردنی ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان په‌یوه‌ست به‌ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ئارادان. داوایشی له‌ به‌شداربووانی دیداره‌كه‌ كرد، كه‌وا پوخته‌یه‌ك له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كانی نێو ئه‌م گفتوگۆ كراوه‌یه‌ ئاماده‌ بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان سوودی لێ ببینێت بۆ په‌یكه‌ری ئه‌و پێشنیازه‌یاسایه‌ی كه‌ بڕیاره‌ به‌ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان دایبڕێژن".
پێویستە بووترێت لێژنەکانی (كاروبارى یاسایی، كاروبارى شەهیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی، كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافی مرۆڤ) و ڕاوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان، نوێنەری کونسوڵخانەی ئەڵمانیا و یۆنامی، نوێنەری ڕێکخراوی ئەکزیۆمی به‌ریتانی دادوەر هاوارد، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دادوەر بووە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و چه‌ند پسپۆڕێک ئامادەی گفتوگۆکە بوون.