Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیى له‌ سه‌رۆكی داواكاریی گشتیی هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٧/٢٥، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ دادوه‌ر كاوه‌ فه‌تحی مه‌عسوم، سه‌رۆكی داواكاریی گشتیی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری له‌ دادوه‌ران كرد.
له‌ دیدارێكدا باسی چه‌ندین پرسی یاسایی گرنگ و هه‌ستیار تایبه‌ت به‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرا، به‌تایبه‌ت ئه‌و یاسا گرنگانه‌ی كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به‌ پاراستنی مافی گشتی.
لای خۆیه‌وه‌ د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگه‌یاند: "داواكاریی گشتی یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ گرنگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ پاراستنی مافی گشتی و سه‌روه‌ت و سامانی گشتیدا"، گووتیشی: "بۆئه‌وه‌ی كارا بێت و بتوانێت ڕۆڵی خۆی به‌ ته‌واوی بگێڕێت، پێویسته‌ یاسایه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌بێت بۆ بینینی ڕۆڵی كارایان له‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ پێیان سپێردراوه‌ له‌ یاسا به‌ركاره‌كاندا".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕاشیگه‌یاند: "دوو پێشنیازه‌یاسا بۆ داواكاریی گشتی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ڕا و سه‌رنجیان له‌سه‌ر هه‌ردوو پێشنیازه‌یاساكه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن هه‌ردوو دامه‌زراوه‌وه‌ ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌هێزبوونی داواكاریی گشتی به‌واتای به‌هێزبوونی دامه‌زراوه‌كانی تری هه‌رێمى كوردستان دێت له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و یاسا شكێنیدا.
پاشان دادوه‌ر كاوه‌ فه‌تحی مه‌عسوم، سه‌رۆكی داواكاریی گشتی و شاندی یاوه‌رى، داوایان له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ په‌رله‌مان هاوكاریان بێت به‌ ناردنی تێڕوانینه‌كانیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ی كه‌ پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كرێت و په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به‌ مافی گشتیی هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌. هاوكات داوایان كرد په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانیان بێت له‌ پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی هاووڵاتییان و چاودێریكردنی ڕه‌وایه‌تیی بڕیاره‌كان.