Skip to the content
Menu

شاندێكی لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

بەمەبەستی گه‌یاندنی پیرۆزبایی لێژنه‌كه‌یان و دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتر له‌نێوان هه‌ردوولادا، پێشنیوەڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٧/٥، شاندێكی لێژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌، به‌سه‌رۆكایه‌تیی ڕێڤینگ هرۆری، سه‌رۆكی لێژنه‌ و عوسمان سێده‌ری، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌، سه‌ردانى وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن لیوا ڕٍوكن "به‌ختیار محه‌مه‌د سدیق"، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.
له‌ دیدارێكدا، شاندی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان، پیرۆزبایی له‌ لیوا ڕوكن "به‌ختیار محه‌مه‌د سدیق، كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك ئه‌مینداری گشتیی نوێی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست له‌ ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌یدا و جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیی په‌ره‌پێدانی هه‌مانگیی زیاترى نێوانیان كرده‌وه‌ و ئارمى په‌رله‌مانی كوردستانیشیان پێشه‌كه‌ش به‌ به‌ڕێزیان كرد.
لای خۆیه‌وه‌ ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، وێڕِای ستایشی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مان و ڕۆڵیان له‌ باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌، داوای كرد وه‌ك ئه‌ركی په‌رله‌مانی له‌ پڕۆسه‌ی ڕێفۆرمی سه‌ربازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌م چاودێر و هه‌م به‌شدار و هه‌ماهه‌نگ بن.
سه‌رۆك و جێگر و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ش، جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ له‌پێناو كاركردن له‌ هه‌مواری ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌باشكردنی بارو گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌یه‌، دووپاتیشیان كرده‌وه‌، وه‌ك لێژنه‌ی په‌رله‌مان به‌ وردی چاودێریی كاروانی چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، بۆ به‌ره‌وپێشبردن و لابردنی به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگه‌كانیشی هاوكاریی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌بن.