شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی پەرلەمانی یۆنان دهكات
ڕۆژی ٢٠٢٢/٧/١٧، لەسەر بانگهێشتی ڕەسمیی پەرلەمانی یۆنان بەپشتیوانیی کونسوڵی یۆنان لە هەولێر، شاندێکی پەرلەمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی ئەردەلان محهمهد سەرسپی، سهرۆكی دیوانی پهرلهمان و ئهندامیهتیی هیوا نهسرهدین، جێگری سەرۆکی دیوان و بەڕێوەبەرانی بەشە جیاجیاکانی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی یۆنانی کرد.
لە بەرنامەیەکی دوو ڕۆژەدا کە پێشتر داڕێژرابوو، سەرەتا و لە ڕۆژی یەکەمدا لەلایەن نیکیتا کاکلامانیس، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی یۆنان و بەرپرسانی باڵای دیوانی پەرلەمان پێشوازیى لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرەتا سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان سڵاوی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی گەیاندە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی یۆنان و کورتەباسێکیشی لەبارەی دروستبوون و گەشەکردنی پەرلەمانی کوردستان باس کرد، پاشان تیشکی خستەسەر هەماهەنگی و دۆستایەتیی نێوان پەرلەمانی هەردوولا.
دواتر جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی یۆنان، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەربری و بە وردی باسی پڕۆسەی یاسادانان و ئەرکە دیموکراسی و کارگێڕییەکانى لە پەرلەمانی یۆنان و مێژووی دروستبوونی وڵاتی یۆنان کرد، لەهەمان کاتدا جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.
لە دووەم ڕۆژی سەردانی شاندی باڵای سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بۆ پەرلەمانی یۆنان، بەگەرمی لەلایەن یورغیوس میلۆناکیس، سکرتێری گشتیی پەرلەمانی یۆنان پێشوازیی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا بە وردی باس له پلانی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتیی دیوانی هەردوولا کرا و جەختی لەسەر کرایەوە.
لەهەمان ڕۆژدا چەندین کۆبوونەوەی چڕِوپڕ ئەنجام درا لەگەڵ هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیوەندییهکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارایی و ڕاوێژکاری تەکنیکیی پڕۆگرامی ئەوروپی، لە کۆبوونەوەکاندا بە وردی باسیان لە پڕۆسەی یاسادانان و هەیکەلی کارگێڕی و ئەرکە کارگێڕییەکان کرد.
سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە باسی لە نزیکی و لە یەکچوویی سیستەمی کارکردنى لە پەرلەمانی هەردوولا کرد.
دواتر شاندی پهرلهمانى كوردستان سهرجهم بەڕێوەبەرایهتی و بەشە جیاجیاکانی پەرلەمانی یۆنانی بەسەر کردەوە.
پێویستە بووترێت بۆ یەکەمین جارە شاندێکی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتێکی خاوەن درێژترین ئهزموونی پەرلەمانی، سەردانى پهرلهمانی وڵاتێکی دیکە بکات و لەبارەی پێشخستنی دامەزراوەی پەرلەمانی گفتوگۆ بکات.
ئەم سەردانەش بەرهەمی جدییەت و ماندووبوونی هەردوولا و کونسوڵخانەی یۆنان لە هەولێر و سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان بوو.