Skip to the content
Menu

یاسای نەوت و گاز و یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە هه‌مواركرانه‌وه‌ و دوو پێشنیازه‌یاساش خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كرا

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٢/٦/٢٩، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (١٠)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و له‌ وته‌یه‌كی كورتیشدا ئاماژه‌ی به‌ ڕووداوى كوشتنی دوو مامۆستاكه‌ى زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كرد و ڕایگه‌یاند: "دیاره‌ به‌داخه‌وه‌ دوێنێ ده‌ستێكی نه‌گریس ده‌ستی چووه‌ خوێنی دوو مامۆستاى زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، وێڕای دووباره‌ به‌تووندی ئیدانه‌كردنی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی په‌رله‌مان ئاراسته‌ی زانستخوازان و مامۆستایانی زانكۆ و خزم و كه‌سوكارى خوالێخۆشبووان د. كاوان ئیسماعیل، ڕاگرى كۆلێژی یاسا له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و د. ئیدریس حه‌مه‌خان، مامۆستای كۆلێژی ئه‌ندازیارى ده‌كه‌ین".
وه‌ك ڕێزلێنانێكیش له‌ گیانی پاكی ئه‌و دوو مامۆستایه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ ئاماده‌بووانی دانیشتنه‌كه‌ كرد ده‌قیقه‌یه‌ك به‌ بێده‌نگی بوه‌ستن.
پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووى به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ دەنگدان لەسەر هه‌ردوو پڕۆژه‌یاسای هه‌موارى یه‌كه‌می یاسای نەوت و گاز و پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٨، هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌هه‌ریه‌ك له‌و دوو پڕۆژه‌یاسایه‌، ڕاپۆرتی هاوبه‌ش به‌ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌می ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له دانیشتنی پێشووتردا له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پێشنیازه‌یاساكه خرابوونه‌ ڕوو، دوای دوای به‌جیا خوێًندنه‌وه‌ى سه‌رجه‌مى ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك له ماده‌كانی هه‌ردوو پڕۆژه‌یاساكه به‌پێشنیازى لێژنه‌ی هاوبه‌شیشه‌وه كه هه‌بوون، به ناوونیشان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌جیا خرانه ده‌نگدانه‌وه په‌سندكران، به‌مجۆره‌ یاسای نەوت و گاز به‌ده‌نگی (٧٩) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سندكرا و یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگەش به‌ده‌نگی (٧٩) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سندكرا.
به‌پێی خاڵی دووه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ش، له‌لایه‌ن لێژنه‌ى كاروبارى یاساییه‌وه‌ به‌جیا خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ هه‌ردوو پێشنیازەیاسای لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستان و پێشنیازەیاسای سەندیكای بایلۆجیی هەرێمی كوردستان كرا و لەلایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كران.
له‌ كۆتایى دانیشتنه‌كه‌شدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ وته‌یه‌كی كورتدا ڕایگه‌یاند: "له‌ ٧/١ه‌وه‌ وه‌رزی یاسایدانان ڕاده‌وه‌ستێت، به‌ڵام ده‌وامی ڕۆژانه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌، ئه‌ندامانى به‌ڕێزی په‌رله‌مان به‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ پابه‌ندی ده‌وامی ئاساییی خۆیان ده‌ین، لێژنه‌كانی په‌رله‌مان كه‌ به‌ نووسراو ئاگادارتان ئه‌كه‌ینه‌وه‌، جارێكی تر بۆتان ئه‌نێرینه‌وه‌ كه‌ واجب و ئیلتیزاماتی خۆمان، هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرته‌كان به‌رده‌وام ئه‌بێت، له‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ ڕاپۆرتێكی گرنگ، په‌یوه‌ست به‌ ژیانی خه‌ڵك یا په‌یوه‌ست به‌ یاسایه‌ك، كه‌ گرنگ بێت ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و گفتوگۆ بكرێت، له‌ مانگی ٧ و ٨ دانیشتنی نائاسایی په‌رله‌مانی كوردستان گرێ ئه‌ده‌ین".
گووتیشی: "بۆ هه‌موو لایه‌كی دووپات ئه‌كه‌ینه‌وه‌ پشوو نییه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌وامی ڕۆژانه‌ى سروشتی، ئاسایی هه‌یه‌، هه‌مووشمان پابه‌ندین به‌ ئاماده‌كارى بۆ وه‌رزی نوێى یاسادانان كه‌ زیاتر له‌ ١٢ پێشنیازه‌یاسا ئێستا له‌ پلانی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌ماندایه‌ بۆ وه‌زرزى نوێ، چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه‌ لێژنه‌كانی په‌رله‌مان ڕاپۆرتی خۆیانی له‌باره‌وه‌ ئاماده‌ بكه‌ن".
به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.