Skip to the content
Menu

له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆدا
- یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو په‌سند كرا
- لێژنه‌ی ته‌ندروستی ڕاسپێردرا به‌ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ڕاپۆرت و ڕاسپارده‌كانیان سه‌باره‌ت به‌كه‌رتی ته‌ندروستی

سه‌عات ١٢ى نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ٢٠٢٢/٦/٢، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (٣)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌مى به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، كه بریتی بوو له دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای (بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتی ده‌نگدانى لێژنه‌ی هاوبه‌ش كه پێكهاتبوو له هه‌رسێ لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لێژنه‌ى شاره‌وانى و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، لێژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری، به ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌می ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له دانیشتنی پێشووتردا له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پێشنیازه‌یاساكه خرابوونه‌ ڕوو، دوای ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌مى ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك له ماده‌كانی پڕۆژه‌یاساكه به‌پێشنیازى لێژنه‌ی هاوبه‌شیشه‌وه كه هه‌بوون، به ناوونیشان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌جیا خرانه ده‌نگدانه‌وه په‌سند كران، پاشان كۆی یاساكه خرایه ده‌نگدانه‌وه و به‌ده‌نگی (٨٥) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سند كرا، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "پیرۆزبایى له خۆمان و گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین به‌بۆنه‌ی پەسنكردنی ئه‌و یاسایە".
مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌ له‌پێناو دابینكردنى ئاسایشی ئاو له‌ هه‌رێم و له‌به‌ر گرنگیی ئاو له‌ ژیانی مرۆڤ و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى و سیاسی، وه‌كو سامانێكى نیشتیمانى و ڕێگرتن له‌ خراپبه‌كارهێنانى و ده‌سته‌به‌رى به‌رده‌وامبوونى سه‌رچاوه‌كانى ئاو و دابه‌شكردنى به‌شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌ و بووژانه‌وه‌ و پاراستنیه‌تى.
بەپێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش، پێشینازەیاسای ئەرك و مافەكانی هێزكاری تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، پڕۆژەیاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، پڕۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كرا و سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش ئاراسته‌ی لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانى كرد.
به‌پێی خاڵی سێیه‌مى به‌رنامه‌ی كاریش، كه‌ بریتی بوو له‌ خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی ڕاپۆرتی لێژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر، سه‌باره‌ت به‌ دەرمانی بێ كوالیتی و ماوەبەسەرچوو و قاچاغ و نرخی نەخۆشخانە تایبەتەكان، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی د. سامان به‌رزنجى، وه‌زیرى ته‌ندروستی، د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن د. شایان كاكه‌ ساڵح، جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستی، ده‌قى ڕاپۆرتی لێژنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌، كه‌ تێیدا ئه‌و كێشه‌ و كه‌موكوڕییانه‌یان خستبووه‌ڕوو كه‌ له‌ نرخ و كوالیتیی ده‌رمان و كۆنتڕۆڵكردنی و شێوازی هاورده‌كردنى ده‌رمان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكان و نرخی نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان و كه‌رتی ته‌ندروستی به‌گشتی وه‌كو لێژنه‌ هه‌یانبوو، هه‌روه‌ها چه‌ندین ڕاسپارده‌شیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ خستبووه‌ ڕوو.
پاشان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سه‌رنج و تێبینی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و ڕاپۆرتی لێژنه‌ى ته‌ندروستی خسته‌ ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی وه‌زیرى ته‌ندروستی كرد.
له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زیرى ته‌ندروستی، باسی له‌و هه‌نگاوانه‌ى وه‌زاره‌تى كرد كه‌ بۆ چاكسازیكردن له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی به‌گشتی و ڕێكخستنه‌وه‌ى كه‌رتی تایبه‌ت و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان ناویه‌تی و ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویستیشی له‌سه‌ر ڕاپۆرتی لێژنه‌ی ته‌ندروستی و سه‌رنج و تێبینییه‌كالنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها وه‌ڵامی سه‌رجه‌م ئه‌و پرسیارانه‌شی دایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی كرابوون.
له‌ كۆتاییدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سوپاسی وه‌زیرى ته‌ندروستیی كرد بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، سوپاسی پشوودرێژیی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و وه‌زیرى ته‌ندروستی و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مانی كرد، هه‌روه‌ها به‌ ئاماژه‌كردن به‌ماده‌ی (٦٧) بڕگەی سێیەم پاش خستنه‌ڕووی ڕاپۆرتی لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌ڵامه‌كانی وه‌زیرى ته‌ندروستی، داواى ڕه‌زامه‌ندبوونی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌ڕاسپاردنی لێژنه‌ی ته‌ندروستی بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ڕاپۆرت و ڕاسپارده‌كانیان خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی دواتر وه‌كو په‌رله‌مان ئاراسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت و به‌پێی ڕێكارى په‌یڕه‌وی به‌دواداچوونى بۆ بكرێ، به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سند كرا و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.