Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ هه‌ردوو پڕۆژه‌یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا كرا

سه‌عات ١٠ى به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٢/٦/١٥، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (٦)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌.
پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كان، به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌ر له‌ ده‌ستكردن به‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌پێی حوكمى بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ ماده‌ی (٤٨)، داواى له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كرد ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ گۆڕانكارى له‌ ڕیزبه‌ندیی بڕگه‌كانی تاكه‌خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ بكرێت و بڕگه‌ی یه‌كه‌م بكرێته‌ بڕگه‌ی سێیه‌م، ئه‌وه‌شی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سند كرا و به‌مجۆره‌ به‌پێی بڕگه‌ی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پڕۆژەیاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتی لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، كه ‌له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه ڕاستاندنی بۆ كرابوو، به‌ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرایه بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن و به‌مجۆره له‌لایه‌ن ‌لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌، ‌ناوونیشان و ماده به ماده ‌و بڕگه به بڕگه‌ی ڕاپۆرته‌كه ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنى پڕۆژەیاساكه خوێندرانه‌وه و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ماده‌ و بڕگه‌كان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پێشنیازیشیان به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده و بڕگه‌كانی ڕاپۆرته‌كه خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان.
مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌ به‌هۆی پێشكه‌وتن و فراوانبوونی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمه‌، بۆئه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بتوانن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داخوازییه‌كانی هاووڵاتییان و پێداویستییه‌كانی هاووڵاتییان بن له‌ شار و شارۆچكه‌كاندا و به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پلانی حكوومه‌ت بۆ دانانی په‌یكه‌رێكی كاریگه‌ر و گونجاو و به‌پێی پێداویستیی هه‌نووكه‌یی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و به‌مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌پێی بڕگه‌ی دووه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پڕۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ د. ئالان حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان، ئاماده‌یبوون، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌شێكی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كرد، داواى له‌ لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی، بێنه‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ خوێندنه‌وه‌ى ڕاپۆرتی لێژنه‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌یاساكه‌، كه ‌له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه ڕاستاندنی بۆ كرابوو، به‌ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرایه بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن و به‌مجۆره له‌لایه‌ن ‌لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌، ‌ناوونیشان و ماده به ماده ‌و بڕگه به بڕگه‌ی ڕاپۆرته‌كه ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنى پڕۆژەیاساكه خوێندرانه‌وه و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینیی له‌سه‌ر ماده‌ و بڕگه‌كانى پڕۆژه‌یاساكه‌ ده‌خرانه‌ڕوو، هه‌روه‌ها چه‌ندین پێشنیازیشیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده و بڕگه‌كانی ڕاپۆرته‌كه‌ خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش، بۆئه‌وه‌ى ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ خرانه‌ ڕوو.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان، ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویستییان له‌سه‌ر كۆی پڕۆژه‌یاساكه‌ و ئامانج له‌ ده‌رچوواندنی و سه‌رنج و تێبینییه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌شیان دایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌یان كرابوو.
شایانی باسه‌ مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌ له‌پێناو به‌رزركردنه‌وه‌ى ئاستی زانستی و ئه‌كادیمیی دامه‌زراوه‌كان و پرۆگرامه‌كانی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و ده‌سته‌به‌ركردنی كوالیتیی خوێندنه‌ له‌ هه‌رێم.
لای خۆیه‌وه‌ د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌شی كۆتایی دانیشتنه‌كه‌شی كرد، سوپاسی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و هه‌ردوو وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و وزیری هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مانى كرد و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.