Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان ڕاسپێردرا به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ڕاپۆرت و ڕاسپارده‌كانی سه‌باره‌ت به‌هۆكاری وەستانی پڕۆژەكانی ڕێگه‌وبان و تەواونەكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لەوادەی خۆیاندا

سه‌عات ١٠ى به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ٢٠٢٢/٦/٢٣، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (٨)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنه‌كه‌ی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لێژنه هه‌میشه‌ییه‌كان، به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی ڕاپۆرتی لێژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری وەستاندنی پڕۆژەكانی ڕێگه‌وبان و تەواونەكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لەوادەی یاسایی دیاریكراوی خۆیاندا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی دانا عه‌بدولكه‌ریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ئاگرین عه‌بدوڵا ئاگرین، بریكارى وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن هاوڕێ مه‌لا ستار، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان، ده‌قى ڕاپۆرتی لێژنه‌كه خوێندرایه‌وه‌، كه‌ تێیدا تیشكیان خستبووه‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی سست به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆژه‌كانى ڕێگه‌وبان و بیناسازی و یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون، له‌ سنوورى پارێزگاكانى هه‌رێم و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكاندا و وه‌ستانى به‌شێكیان، له‌وانه‌ نه‌بوونی یاسای بودجه‌ و كه‌میی نه‌ختینه‌ له‌ بانكه‌كان و بۆ پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن، كه‌میی سولفه‌ی چاككردنه‌وه‌ (صیانه‌) كه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی پڕۆژه‌كانى ڕێگه‌وبان، دروستنه‌كردنی سندوقی پاڵپشتیی دارایی بۆ پڕۆژه‌كانی ڕێگه‌وبان.
هه‌ر له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یاندا، چه‌ندین ڕاسپارده‌ و پێشنیازیشیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و پرسه‌ خستۆته‌ڕوو، له‌وانه دروستكردنی سندوقی پاڵپشتیی دارایی بۆ پڕۆژه‌كانی ڕێگه‌وبان و بیناسازی، هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای دابینكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێكردن بۆ هاووڵاتییانی كه‌مده‌رامه‌ت، ژماره‌ ١٦ی ساڵی٢٠١١.
پاشان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سه‌رنج و تێبینی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و ڕاپۆرتی لێژنه‌ى هاوبه‌ش خسته‌ڕوو و باسیان له‌ خراپیی ڕێگه‌وبانه‌كان كرد به‌تایبه‌ت ئه‌و ڕێگه‌وبانانه‌ى كه‌ پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ ڕۆژنه‌ ڕووداوى هاتووچۆیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و هاووڵاتییان ده‌بنه‌ قوربانی، هه‌روه‌ها چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن كرد.
له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن، باسی له‌و هه‌نگاوانه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى كرد كه‌ بۆ چاكسازیكردن له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی ڕێگه‌وبان و بیناسازی و یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون به‌گشتی و ڕێكخستنه‌وه‌یان ناویه‌تی و هۆكارى سست به‌ڕێوه‌چوون و وه‌ستانی زۆربه‌ی پڕۆژه‌كانیشی بۆ نه‌بوونی بودجه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌ پلان و كاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد له‌ماوه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم و ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویستیشی له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینییه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خسته‌ ڕوو و وه‌ڵامی سه‌رجه‌م ئه‌و پرسیارانه‌شی دایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی كرابوون.
له‌ كۆتاییدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سوپاسی وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونی كرد بۆ پشوودرێژی و ڕوونكردنه‌وه‌كانى و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، سوپاسی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشی كرد و به‌ ئاماژه‌كردنیش به‌ماده‌ی (٦٧) بڕگەی سێیەم، پاش خستنه‌ڕووی ڕاپۆرتی لێژنه‌ی هاوبه‌ش و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌ڵامه‌كانی وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن، داواى ڕه‌زامه‌ندبوونی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌ڕاسپاردنی لێژنه‌ی هاوبه‌ش بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ڕاپۆرت و ڕاسپارده‌كانیان خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی دواتر وه‌كو په‌رله‌مان ئاراسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت و به‌پێی ڕێكارى په‌یڕه‌وی به‌دواداچوونى بۆ بكرێ، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سند كرا و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.