Skip to the content
Menu

یاسای گه‌شتوگوزار په‌سندكرا و خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ دوو پێشنیازه‌یاسا و خوێندنه‌وه‌ى دووه‌میش بۆ پێشنیازه‌یاسایه‌ك و دوو پڕۆژه‌یاسا كرا

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ٢٠٢٢/٦/٢٧، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٩)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو كه‌ مۆڵه‌تبوون خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان-عێراق، ڕاپۆرتی ده‌نگدانى لێژنه‌ی هاوبه‌ش، هه‌ردوو لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌می ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له دانیشتنی پێشووتردا له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پێشنیازه‌یاساكه خرابوونه‌ ڕوو، دوای ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌مى ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك له ماده‌كانی پڕۆژه‌یاساكه به‌پێشنیازى لێژنه‌ی هاوبه‌شیشه‌وه كه هه‌بوون، به ناوونیشان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌جیا خرانه ده‌نگدانه‌وه په‌سندكران، پاشان كۆی یاساكه خرایه ده‌نگدانه‌وه و به‌ده‌نگی (٨٢) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سندكرا.
مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتن و گرنگیی گه‌شتوگوزار له‌ فره‌كردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات له‌ هه‌رێم و ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ى له‌ ناساندنی شوناسی شارستانی و كلتوورى ڕۆشنبیرى و ده‌ستكه‌وتی ته‌لارسازیی گه‌لی كوردستان هه‌یه‌تی، هه‌روه‌ها بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌يه له‌ گرنگیی پلاندانان و كاركردن له‌سه‌ر پیاده‌كردنی ستراتیجییه‌تێكی ڕوون بۆ كاراكردنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و به‌شداریكردنی له‌ گه‌شه‌پێدانی ئابوورىى نیشتیمانیدا.
به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ش، له‌لایه‌ن لێژنه‌ى كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پێشنیازه‌یاساى سەندیكاى خاوەن پیشە تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان-عێراق و پێشنیازه‌یاساى پاراستنی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان-عێراق و پێشنیازه‌یاساى پاراستنی مافی ئاژەڵان كرا و لەلایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كران.
به‌پێی خاڵی سێیه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش، كه بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای بەركاركردنی یاسای فیدڕالی واژۆی ئەلیكتڕۆنی و مامەڵەی ئەلیكتڕۆنییەكان ژمارە (٧٨)ی ساڵی ٢٠١٢ لە هەرێمی كوردستان-عێراق و پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان-عێراق و پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٨، ڕاپۆرتی لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌و پێشنیازه‌یاسا و پڕۆژه‌یاسایانه‌ كه ‌له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه ڕاستاندنیان بۆ كرابوو، به‌ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرانه بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن و به‌مجۆره له‌لایه‌ن ‌لێژنه‌ تایبتمه‌نده‌كانه‌وه‌، ‌ناوونیشان و ماده به ماده ‌و بڕگه به بڕگه‌ی ڕاپۆرته‌كان ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنى پێشنیازەیاساكه و هه‌ردوو پڕۆژه‌یاساكه‌ خوێندرانه‌وه‌، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده و بڕگه‌كانی پێشنیازەیاساكه و هه‌ردوو پڕۆژه‌یاساكه‌ خرانه‌ڕوو، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانیان له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا و ڕایگه‌یاند: "ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ سه‌عات ١ى پاشنیوه‌ڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین".