Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی و باڵیۆزی نوێى ڕۆمانیا له‌ عێراق جه‌خت له‌سه‌ر به‌هێزكردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٦/٨، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ڕادۆ دۆبرێ، باڵیۆزی نوێی ڕۆمانیا له‌ عێراق و هۆریا پیترسكۆ، كونسوڵی گشتیی ڕۆمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا، د. هێمن هه‌ورامی، پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ ڕادۆ دۆبرێ كرد وه‌ك باڵیۆزی نوێی ڕۆمانیا له‌ عێراق و هیوای خواست له‌ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیدا په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ڕۆمانیا به‌ره‌وپێشچوونی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌هێزكردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا، به‌تایبه‌تی له‌چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانیی نێوان هه‌ردوولا و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی كاری په‌رله‌مانیی ڕۆمانیا. هاوكات به‌ گرنگییه‌وه‌ په‌ره‌پیدانی بواری بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و خوێندنی باڵا باسیان لێوه‌ كرا.
ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منیى عێراق و پرۆسه‌ی پێكهینانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، ته‌وه‌ری دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوون.