Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی: "بڕیارى ده‌ستگیركردنی سه‌رۆكی پێشووى ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و چه‌ند ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ سیاسی و نایاساییه‌"

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٦/٥، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی جوان یونس ڕۆژبه‌یانی، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و جه‌مال حه‌وێز، جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌، پێشوازیی له‌ ڕێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی پێشووى ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و په‌روین محه‌مه‌ده‌مین، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكى كرد.
له‌ دیدارێكدا دۆخی كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و دوا بڕیارى دادگای كه‌ركووك سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركردنی ڕێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی پێشووى ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و چه‌ند ئه‌ندامێكی دیكه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ باسی لێوه‌ كرا
د. هێمن هه‌ورامی، نیگه‌رانیی خۆی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌ربڕی و به‌ بڕیارێكی سیاسی و نایاسایی زانى و پشتیوانیی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستانیشی بۆ ده‌ربڕین و ڕاشیگه‌یاند: "وه‌ك په‌رله‌مان لێژنه‌ى كاروبارى یاسایی و تیمی ڕاوێژكارى یاسایی په‌رله‌مان ڕاده‌سپێرین كه‌ له‌سه‌ر هێڵ بن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ی عێراق بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ كه‌ ته‌واو سیاسییه‌"، هه‌روه‌ها پشتگیریی خۆشی بۆ هه‌نگاوه‌كانی لێژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی.
لای خۆیانه‌وه‌ ڕێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی پێشووى ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و په‌روین محه‌مه‌ده‌مین، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراسته‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد بۆ ئه‌و پێشوازی و پشتیوانی و پشتگیرییه‌یان له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و بڕیاره‌ نایاسایی و ناده‌ستوورى و سیاسییه‌ى دادگای كه‌ركووك ده‌رهه‌ق به‌ ئێمه‌.