Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٦/٨، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كرد، كه‌ پێكهابوو له‌ ماکس لوکس و قاسم تاهیر، ئەندامانی پەرلەمان له‌سه‌ر لیستی پارتی سه‌وزی ئه‌ڵمانی و شاندی یاوه‌ریان.
له‌ دیدارێكدا كه‌ سڤین مۆسلێر، کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بە وەکالەت ئاماده‌یبوو، ڕه‌وشی مافی مرۆڤ به‌ گشتی و مافی پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌ و ئاین و ئاینزاكان و رێككه‌وتنی شنگاڵ و ڕۆڵ و كاریگه‌ریی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
د. هێمن هه‌ورامی، سوپاسی خه‌ڵك و په‌رله‌مان و حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیای كرد بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ شه‌ڕى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا، هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی ڕاوێژكار و سه‌ربازه‌ ئه‌ڵمانیاییه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌ گرنگ زانى به‌هۆی مانه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌و یاسایانه‌ كرد كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پاراستنی مافى پێكهاته‌كان و چین و توێژه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رچووێندراوون، وه‌ك مافی پێكهاته‌ توركمان و كریستیان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌ جیاوازه‌كان و تووندوتیژیی خێزانی و مافی ئافره‌تان و چه‌ندین یاسای تری گرنگ بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، باس له‌ به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو په‌رله‌مان و ڕه‌وشی سیاسیى عێراق پرۆسه‌ی پێكهینانی كابینه‌ی نوێ كرا.