د. ڕێواز فائق پێشوازیی له جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا كرد
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتاڵیا، جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئیتاڵیا كرده‌وه.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه ٢٠٢٢/٦/٤، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له خاتوو ماریانا سێرێنی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا كرد.
له دیدارێكدا كه برونۆ ئەنتۆنیۆ، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و میکێلێ کامیرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یبوون، باسی دۆخی سیاسیی عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه كرا.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سوپاس و پێزانینی خۆیانی به جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا ڕاگه‌یاند له به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوكارییه سه‌ربازی و پشتیوانییانه‌ی كه وڵاتی ئیتاڵیا له شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانیان كرد،
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیشیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان تیشكی خسته سه‌ر چه‌ندین لایه‌نی په‌یوه‌ست به ئازادییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و پرسی ژنان و مافی پێكهاته ئاینی
ونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ڕایگه‌یاند: "ئه‌و یاسایانه‌ی كه له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون تایبه‌ت به پاراستنی مافی ژنان به‌گشتی، پێكه‌وه‌ژیانی ئاین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه، له باشترین یاساكانن"، گووتیشی: "پێكهاته جیاوازه‌كانی عێراق كاتێك هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌وێته سه‌ر ژیان و گیانیان، په‌نا ده‌هێننه به‌ر كوردستان، له‌م ڕووه‌وه ئێمه شانازی به‌و فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیانه ده‌كه‌ین كە لە ھەرێمی كوردستاندا ھەیە".
هه‌روه‌ها سوپاسی ماریانا سێرێنی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیای كرد كه له ماوه‌ی ڕۆژانی مانه‌وه‌یدا له كوردستان به په‌رۆشییه‌وه چاودێریی ڕه‌وشی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنانی كردووە و سه‌ردانی شه‌ڵته‌ره‌كانی پاراستنی ژنانی كردووه لە ھەولێر، بۆ له نزیكه‌وه ئاگاداربوون له دۆخی ژیان و گوزه‌رانیان و بەدواداچوون بۆ گرفته‌كانیان.
لای خۆیانه‌وه خاتوو ماریانا سێرێنی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا، خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی به‌وه‌ی كه ژنێك له هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاتەكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینێت و سه‌رۆكایه‌تیی دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگ و كاریگه‌ر ده‌كات له هه‌رێم، هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆیانی ده‌ربڕی بۆ پێشوازیلێكردنیان و خستنه‌ڕووی ئه‌و زانیارییه گرنگ و به بایه‌خانه‌ی كه له‌لایه‌ن به‌ڕێزیانه‌وه خرانه ڕوو.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرنگیی په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه، له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه دیپلۆماسی و سیاسییه‌كاندا به گشتی.