Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فائق پێشوازیی له‌ باڵیۆزی دانیمارك له‌ عێراق كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٦/١٩، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ستیج پاولۆ، باڵیۆزی دانیمارك له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، باسی دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی عێڕاق و كوردستان، ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و جیاوازیی ڕوانگەی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان لەمەڕ میكانیزمی پرۆسەكەوە كرا. هاوكات پرسی ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق، ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌ گشتییه‌كان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوون.
د. ڕێواز فائق، ڕایگه‌یاند: "ده‌ستوور كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌مووانه‌ و پێویسته‌ هه‌موولایه‌ك پابه‌ندبن پێیەوە، بەبێ ھەبوونی دیموكراسییەتێكی ڕاستەقینە ھیچ پرۆسەیەكی سیاسی لە عێراق و كوردستانیش بەسەركەوتوویی ناڕوات بەڕێوە، هیواخوازین له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بسازێن، بۆئه‌وه‌ی بتوانین له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ین".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی ستراتیژیه‌ت و ئه‌جێندای كاری په‌رله‌مانی كوردستانی كرد له‌م خوله‌ی ئێستادا و گووتی: "یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانمان له‌م خوله‌ی ئێستای په‌رله‌مان ئه‌وه‌بوو كه‌ یاسا بۆ سێكته‌ره‌ ئابووری و بازرگانییه‌ نانه‌وتییه‌كان ده‌ربكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بتوانێت جگه‌ له‌ كه‌رتی وزه‌، پشت به‌ سه‌رچاوه‌ ئابوورییه‌كانی تری وه‌ك پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزاریش ببه‌ستێت، بەتایبەت كە ھەرێمی كوردستان شوێنێكی گونجاوە بۆ گەشەكردن و بەرەوپێشەوەچوونی ئەم سێكتەرانە، بە دڵنیاییەوە توانیمان ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بده‌ین و له‌ ئێستادا هه‌ریه‌ك له‌م سێكته‌ره‌ جیاوازانه‌ یاسای تایبه‌تیی خۆیان هه‌یه‌".
لای خۆیه‌وه‌ ستیج پاولۆ، باڵیۆزی دانیمارك له‌ عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد بۆ پێشكه‌شكردنی تێكڕای ئه‌و زانیارییه‌ گرنگ و به‌بایه‌خانه‌ی كه‌ له‌ میانی دیداره‌كه‌دا پێشكه‌شیان كرد.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه.