Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ ده‌سته‌ی داكۆكیكاران له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٦/٢١، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ده‌سته‌ی داكۆكیكاران له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا كرد.
له‌ دیدارێكدا ئه‌ندامانی ده‌سته‌كه‌ به‌وردی كێشه‌ و گرفته‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی (هیوا بۆ تووشبووانی شێرپه‌نجه‌)یان بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕوونكرده‌وه‌، له‌باره‌ی كه‌میی ده‌رمان، كۆنبوون و له‌كاركه‌وتنی به‌شێك له‌ ئامێره‌كانی پشكنینی سه‌نته‌ری ژیانه‌وه‌، هاوكات یاداشتێكیان ئاراسته‌ی لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان كرد كه‌ تێیدا ورده‌كاریی سه‌رجه‌م كه‌موكوڕییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌یان خستبووه‌ڕوو.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، ئه‌ندامانی ده‌سته‌كه‌ داوایانكرد یاساى ژماره‌ (١١)ى ساڵى ٢٠١٢، یاساى سندوقى كۆمه‌ك بۆ تووشبووانى شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان-عێراق، هه‌موار بكرێته‌وه‌، له‌پێناو گرنگیدان و ده‌سته‌به‌ركردنی خزمه‌تگوزاریی زیاتر بۆ تووشبووانی شێرپه‌نجه‌.
لای خۆیه‌وه‌ د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای پشتیوانیكردنی له‌ تێكڕای داوا ڕه‌واكانیان، به‌ڵێنی پێدان كه‌ درێغی ناكات و ئه‌وه‌ى له‌ توانایدا بێت بۆ كۆمه‌ككردن و به‌هاناوه‌چوونی نه‌خۆشخانه‌كه‌، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان ڕاده‌سپێرێت بۆ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌موكوڕییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌.