Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٦/٨، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ په‌رله‌مانتارانی پارتی سه‌وزی ئه‌ڵمانی، ماكس لوكس و قاسم تاهیر ساڵح و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.
له‌ دیدارێکدا کە سڤین مۆسلێر کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بە وەکالەت ئاماده‌یبوو، گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان و پرسی ژنان به‌ وردی كرا، سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و ڕِاپۆرتی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌ جیهانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ شاندی میوان خسته‌ڕوو.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیشیدا تیشكی خسته‌سه‌ر چه‌ندین لایه‌نی گرنگ و تایبه‌ت به‌ ئازادییه‌ گشتییه‌كان، دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان  ڕاشیگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان خاوه‌نی یاسایه‌كی زۆرباشه‌ تایبه‌ت به‌ داكۆكیكردن له‌ مافی ژنان، یاسای ژماره‌ ٨ی ساڵی ٢٠١١، یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌ت و خێزان" گووتیشی: "له‌ئێستاشدا خه‌ریكی هه‌مواركردنه‌وه‌ی هه‌مان یاساین، بۆ باشتركردن و نه‌هێشتنی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی كه‌ له‌ یاساكه‌دا هه‌ن، بۆئەوەی هیچ ده‌رفه‌تێك نه‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی توندوتیژی دژی ژنان"
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پرسی ژینگه‌ و دۆخی كه‌ش و هه‌وای جیهان به‌گشتی كه‌ له‌بارێكی نه‌گونجاودایه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌و یاسا گرنگانه‌ كرد كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون تایبه‌ت به‌ پاراستنی سامانی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان، یاسای ژماره‌ ٤ی ساڵی ٢٠٢١، یاسای پاراستنی پڕۆژه‌ و تۆڕه‌كانی ئاووئاوه‌ڕۆ، هه‌روه‌ها یاسای وه‌زاره‌تی كاره‌با.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان، سوپاسگوزاریی خۆیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد بۆ پێشوازیلێكردنیان و خستنه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و زانیارییه‌ به‌نرخانه‌ی كه‌ له‌میانی دیداره‌كه‌دا خستیانه‌ڕوو، هه‌ردوولاش جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانان كرده‌وه‌.