Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ شاندێكی سیناتی فه‌ڕه‌نسا كرد
د. ڕێواز فائق: "دوای كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال قه‌یران و كێشه‌ سیاسییه‌كان ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌یان وه‌رگرت"

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٦/٩، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكی سیناتی فه‌ڕه‌نسا به‌سه‌رۆكایه‌تیی نیكۆل نورانتۆن، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی عێراقی-فه‌ڕه‌نسی كرد.
له‌ دیدارێكدا كه‌ ئۆلیڤیێ دیكوتینێ، كونسوڵی گشتیی كۆماری فه‌ڕه‌نسا له هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یبوو، باسی چه‌ندین پرس و بابه‌تی گرنگی هه‌نووكه‌یی كرا، سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بایه‌خه‌وه‌ سه‌ردانی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی عێراقی-فه‌ڕه‌نسیی هه‌ڵسه‌نگاند و مێژووی دوورودرێژی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا و پشتیوانیی حكوومه‌ت و گه‌لی فه‌ڕه‌نسای له‌هه‌موو قۆناغه‌كاندا وه‌ك شانازییه‌كی گه‌وره‌ له‌ قه‌ڵه‌مدا.
دواتر ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌كان، پرسی ژنان و یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌ت و خێزان، هاوكات دۆسییه‌ی شنگال و چارەسەركردنی ئاڵۆزییە سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌، گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل و هه‌مه‌لایه‌نه‌یان له‌باره‌وه‌ كرا. هه‌روه‌ها دۆسییەی ئازادی و مافە گشتییەكان، بەبایەخەوە گفتوگۆ و ھەڵسەنگاندنیان لەبارەوە كرا.
د. ڕێواز فائق ڕایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان شانازی به‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا ده‌كات، سوپاسی سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌ین كه‌ له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق، كوردستانیشی به‌سه‌ركرده‌وه‌، هیواخوازین ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ هه‌میشه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وامدا بێت".
سه‌باره‌ت به‌پرسی هه‌ڵبژاردن و تێكڕای بابه‌ته‌ چه‌قبه‌ستوو و هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی دیكه‌ش له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق، د. رێواز فائق، ئاماژه‌ی به‌ڕۆڵی ئه‌رێنی و كاریزمییانەی سه‌رۆك مام جه‌لال و ئه‌و بۆشاییه‌ فراوانه‌ كرد كه‌ له‌دوای كۆچی دوایی جه‌نابیان قه‌یران و كێشه‌ سیاسییه‌كان ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌یان وه‌رگرت.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی مێوان، سوپاس و پێزانینی تایبه‌تیی خۆیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، به‌رامبه‌ر ڕاشكاوییان له‌خستنه‌ڕووی ورد و بابه‌تییانه‌ی تێكڕای ئه‌و بابەتانەی كه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ تووندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی و دیپلۆماسیدا.
شایانی باسه‌ شانده‌كه‌ پێكهاتبوو له‌ نیكۆل نورانتۆن، ئه‌ندامی په‌رله‌مان و سیناتی ناوچه‌ی ئوری فه‌ڕه‌نسا و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی عێراقی-فه‌ڕه‌نسی، كلۆد كیم، ئه‌ندامی په‌رله‌مان و سیناتی ناوچه‌ی بارن، جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی عێراقی-فه‌ره‌نسی، ئیلیس جۆزیف، ئه‌ندامی په‌رله‌مان و سیناتی ناوچه‌ی ئوردن، ڕیمی فرود، ئه‌ندامی په‌رله‌مان.