به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق
كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان بۆ گفتوگۆكردنی دوو پێشنیازه‌یاسا بۆ پاراستنی ئاژه‌ڵان به‌ڕێوه‌چوو
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ٢٠٢٢/٦/١٩، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌نێوان چه‌ند ڕێكخراوێكی ئاژه‌ڵدۆست و ژماره‌یه‌ك له چالاكوانانی ئه‌و بواره به‌ڕێوه‌چوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی دوو پێشنیازه‌یاسای پاراستنی ئاژه‌ڵان كرا، كه له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پێشكه‌ش كراون و ڕه‌زامه‌ندیی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر وه‌رگیراوه.
د. ڕیواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگه‌یاند: "ئه‌م یاسایه یه‌كێك ده‌بێت له‌و یاسا هه‌ره‌باشانه‌ی كه پارێزگاری له ژینگه‌ی كوردستان ده‌كات، هاوكات سنوورێك داده‌نێت بۆ مامه‌ڵه‌كردنی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه ماڵییه‌كان و كڕین و فرۆشتن پێیانه‌وه"، گووتیشی: "دیارده‌ی زۆربوونی ئاژه‌ڵی بێلانه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و شوێنه گشتییه‌كان مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ژیان و گیانی خه‌ڵك، له ڕووی ته‌ندروستیشه‌وه گونجاو نییه، بێجگه له‌وه‌ی كه ئاژه‌ڵه‌كانیش پارێزراو نین و دیمه‌نی له‌ناوچوونیان به‌هۆی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆوه ڕۆژانه ئازاربه‌خشن و مایه‌ی دڵته‌نگین".
لای خۆیانه‌وه به‌رپرسی شێڵته‌ره‌كانی پاراستنی ئاژه‌ڵه بێلانه‌كان، له‌گه‌ڵ پزیشكانی ڤێته‌رنه‌ری و چالاكوانانی بواری پاراستنی ئاژه‌ڵه ماڵی و كێوییه‌كان، به سه‌رنج و تێڕوانینه‌كانیان ناوه‌ڕۆكی پێشنیازه‌یاساكه‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا كه سه‌رجه‌م پێشنیاز و سه‌رنجه‌كان یه‌كبخرێن و ڕاوبۆچوونی شاره‌زایانی زیاترى له‌باره‌وه وه‌ربگیرێت، بۆئه‌وه‌ى دواتر وه‌ك پێشنیازه‌یاسایه‌كى تێروته‌سه‌ل بخرێته به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ بكرێت.