Skip to the content
Menu

بەسەرپەرشتیی سەرۆکی پەرلەمان
ڕِاپۆرتی كۆتایی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و پێشنیازه‌یاسای گه‌شتوگوزار ئاماده‌ كرا

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٦/٥، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاره‌ده‌ر و ئه‌ندامانى و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئاماده‌كردنی هه‌ردوو ڕاپۆرتی كۆتایی لێژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌یاسای وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و پێشنیازه‌یاسای گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ماده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساى وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و پێشنیازه‌یاساى گه‌شتوگوزار كرا و ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ى كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی پێشووترى لێژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ و پێشتیازه‌یاساكه‌ خرابوونه‌ ڕوو به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتریان، له‌ ڕاپۆرتی كۆتایی لێژنه‌كه‌دا جێگه‌یان كرایه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت و بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ی دووه‌میان بۆ بكرێت.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەخت لەسه‌ر گرنگیی ئه‌و پێشنیازه‌یاسای گه‌شتوگوزار كرایه‌وه‌ بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.