راپۆرتی گرانیی بازاڕ ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێت
بەمەبەستی تاووتوێكردنی گرانی نرخی بازاڕ، ئەمڕۆ شەممە ۲۰۲۲/٦/۱۱، بەسەرپەرشتی عەلی حمە ساڵح سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و بازرگانی و پیشەسازی، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا كە جێگر و ئەندامان و راوێژكارانی لێژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان بازرگانی و پیشەسازی بەهاوبەشی لەگەڵ د.شایان عەسكەری جێگری سەرۆكی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر و ئەندامان و راوێژكارانی لێژنەكە بەشداربوون، دوای گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە راپۆرتێكی تێرو تەسەل لەسەر گرانی بازاڕ ئامادە كرا.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا بڕیاریاندا كە دەقی راپۆرتەكە ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن بەمەبەستی خستنەڕووی لە كۆبوونەوەی سبەی یەكشەممە ۲۰۲۲/٦/۱۲، بەئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی کوردستان.