Skip to the content
Menu

لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا كۆبووەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٦/٨، رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لێژنە كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان و جێگری سەرۆك و ئەندامان و راوێژكارانی لێژنەكە، لە تەلاری پەرلەمان پێشوازییان لە ئیڤ دوڤال بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەولێر وعێراق كرد.

دوای پێشوازیكردن لەكۆبوونەوەیەكدا سەرۆكی لێژنەكەی پەرلەمانی كوردستان باسی لە كارو چالاكیەكانی لێژنەكەو هەماهەنگیەكانییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە دەركردن و هەمواركردنی چەندین یاسا و گونجاندنیان لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكان كرد، بەئامانجی خزمەتكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان هەروەها چۆن بەدواداچوون بۆكارەكانیان لەسەرجەم ئەو وەزارەتانەی كە تایبەتن بەكاری لێژنەكە كرد.

لای خۆشیەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا وێڕایی دەستخۆشی لە لێژنەكە بۆ ئەنجامدانی كارو چالاكیەكان، باسی لە كارەكانی خۆیان كرد لە بواری هەماهەنگی سەربازی و هاوكاری و هەماهەنگیكردن بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران لەعێراق و هەرێمی كوردستان.

دوای گفتوگۆكردن و ڕاگۆڕینەوە لە نێوان ئەندامانی لێژنەكە و بەڕێوەبەری نووسینگەكە، لەكۆتاییدا هەردوولا رێككەوتن كە پەیوەندیەكانی نێوان لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ و نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا بەهێزتر بكرێت بۆ هەماهەنگیكردن و كاری هاوبەش سەبارەت بەم بابەتانەی كەپەیوندییان بەكاری لێژنەوە هەیە، لەبوارەكانی مافی مرۆڤ و كاروباری كۆمەڵایەتی .