Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی شاره‌وانی ڕاپۆرتی كۆتایی له‌سه‌ر پڕۆژەیاسای وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاماده‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی كۆتایی پڕۆژەیاسای وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ۲۰۲۲/٦/۲۰، لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار به‌سه‌رپه‌رشتی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لێژنه‌ و بە ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانی لێژنه‌کە كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر مادده‌ و بڕگه‌كانی نێو پڕۆژەیاساكه‌، دواتر سه‌رنج و پێشنیاره‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كه‌ له‌ دانیشتی ئاسایی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی پڕۆژەیاساكه‌ خستبوویانه‌ڕوو خوێندرانه‌وه‌ و جێگەیان بۆ كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

ته‌وه‌رێكیتری كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی لێژنه‌ بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ خزمه‌تگوزاریی گشتی و كێشه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و وه‌زاره‌تی گواستنه‌و گه‌یاندن و ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار، و بڕیاردرا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماده‌ بكرێت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت به‌مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌ په‌یڕه‌وییه‌كان.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ دا سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشتانه‌ی ئاراسته‌ی لێژنه‌کە كرابوون خوێندرانه‌وه‌ و دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان، بڕیاری پێویستیان له‌سه‌ر درا و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران.