لێژنه‌ى كشتوكاڵ بۆ به‌دواداچوونى پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمى جووتیاران سه‌ردانى سایلۆى هه‌ولێر ده‌كات
به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیاران و كوالێتییه‌كه‌ى، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٢/٦/٢٩، شاندێكی لێژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى له په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكى لێژنه و سه‌فین ئاغا عومه‌ر، بڕیارده‌رى لێژنه و ئه‌ندامیه‌تیی عوسمان سێده‌رى و هه‌ڵكه‌وت ئه‌نوه‌ر خه‌لیفه، ئه‌ندامانی لێژنه‌كه، سه‌ردانى سایلۆى هه‌ولێرى كرد.
دواى پێشوازیكردن له لێژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ر و ستافى سایلۆى هه‌ولێر، شاندى لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌رجه‌م به‌شه‌كانى سایلۆكه‌ى به‌سه‌ركرده‌وه به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه ئاگاداربوون له‌وه‌ى كه تائێستا چه‌ند تۆن گه‌نم له جووتیاران وه‌رگیراوه و شێوازى پێدانى پاره و دڵنیابوون له كوالیتیى گه‌نمه‌كه، ده‌ركه‌وت تائێستا بڕى (١٠٣) هه‌زار تۆن گه‌نم له جووتیاران وه‌رگیراوه و بڕى (١١) ملیار و (٢٥٠) ملیۆن دینار له‌لایه‌ن حكوومه‌تى فیدڕاڵییه‌وه ڕه‌وانه‌ى هه‌ولێر كراوه، له‌م بڕه پاره‌یه‌ش (٩) ملیار و (٢٥٠) ملیۆن به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌ش كراوه، له ڕۆژانى داهاتووش (٢) ملیار دیناره‌كه‌ى تر دابه‌ش ده‌كرێت.
هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا لێژنه‌كه له كێشه و گرفته‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى سایلۆى هه‌ولێر كۆڵییه‌وه و ده‌ركه‌وت كه میزانییه‌یان بڕى (٢) ملیۆن و (٥٠٠) هه‌زار دیناره، ئه‌م بڕه پاره‌یه‌ش بۆته گرفت له‌به‌رده‌م ڕاییكردنى كاره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه، بۆیه لێژنه‌كه هه‌ر ئه‌وكات په‌یوه‌ندییان به وه‌زیرى بازرگانیى حكوومه‌تى هه‌رێم كرد بۆئه‌وه‌ى میزانییه‌كه زیاد بكات و پرۆسه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نم به‌شێوه‌یه‌كى باشتر به‌ڕێوه بچێت.