لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ داتا و زانیاری لەسەر كێشهی بێكاری كۆدەكاتەوە
بەمەبەستی سەردانیكردنی بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاكسازی و سهندیكای كرێكاران، ئەمڕۆ دووشهممه ٢٠٢٢/٦/١٣، لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی ڕۆمیۆ هەكاری، سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكى لێژنه و بڕیاردەر و ئەندامانى و ڕاوێژكارانی لێژنەكە، كۆبووەوە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە ئەو نووسراو و سكاڵایانەی ئاراستەی لێژنەكە كرابوون، خوێندنەوەیان بۆ كرا و دوای گفتوگۆكردنیان و ڕاگۆڕینەوەى ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان بە وەڵامدانەوە ههببوو، وەڵام درانەوە و ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران بۆ كاری پێویست.
له تەوەرێكی دیكهی كۆبوونهوەكەدا، بڕیار لەسەر چەند خاڵێك درا، لهوانه لە ماوەیەكی نزیكدا لێژنهكه سەردانی دامودەزگاكانی سەر بە بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكانی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و چاكسازییەكانی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و سەندیكای كرێكارانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی بكات، ههروهها بڕیار درا لەگەڵ لێژنەكانی تایبەتمەند لە پەرلەمانی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی سەر بە حكوومەت هەماهەنگی بكرێت بۆ كۆكردنەوەی داتا و زانیاری لەسەر كێشەی بێكاری و دامەزراندن و زیادبوونی حاڵەتەكانی كوشتن و سووتاندنی ژنان و چارەنووسی شایستە داراییەكانی ژنانی بێ هاوسەر و بەخێوكەرانی پەككەوتووان، بەمەبەستی نووسینی ڕاپۆرتی لێژنەكه لهبارهیانهوه تا ئاراستهی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ كارى پێویست.