لێژنهی ڕۆشنبیرى و لاوان ڕاپۆرت لهسهر پرسی بێكاریی لاوان ئامادە دەكات
بەمەبەستی دەوڵەمەندكردن و زیادكردنی چەند خاڵێكی تر بۆ ڕاپۆرتی لێژنهكه سهبارهت به پرسی بێكاریی لاوان لە هەرێمی كوردستان و تاووتوێكردنی چهند پرسێكی تر، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٦/١٤، لێژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان، بەسەرپەرشتیی جەلال پەرێشان، جێگری سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونی بڕِیاردەر و ئەندامانى و ڕاوێژكارانى لێژنەكە كۆبووەوه.
لە كۆبوونەوەكەدا، كه فرنگیس قادری لێکۆڵەر و بەرپرسی ئەرشیفی دیجیتاڵی کوردی لە زانکۆی ئیکسیتەری بریتانیا ئامادهیبوو، تیشك خرایەسەر بابەتی ئەرشیف لە هەرێمی كوردستان و گفتوگۆی چڕوپڕی لهسهر كرا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ و تاووتوێی ڕاپۆرتی لێژنەكە سەبارەت بە پرسی بێكاریی لاوان لە هەرێمی كوردستان كرا، بەمەبەستی خستەڕووی كێشە و گرفتەكان و چارەسەرییەكانی، لە ڕاپۆرتەكەدا لێژنە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕِیار بدات بە سنوورداركردنی هێنان و كارپێكردنی كرێكاری بیانی لە كۆمپانیاكاندا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی لێژنەكە لە هەرێمی كوردستان (٢٨) هەزار و (٨٥٣) كۆمپانیا تۆماركراون، كە (٢٥) هەزار و (٥٧٥) كۆمپانیا خۆماڵین و (٣) هەزار و (٢٧٨) كۆمپانیاش بیانین، بۆیە لێژنە بەپێویستی دەزانێ كە هەلی كار بۆ كرێكارانی لاوی خۆماڵی لە (٧٠%) كەمتر نەبێت.