لێژنەی شەهیدان لهگهڵ بەڕێوەبەرایەتییه گشتییهكانی كاروبارى شههیدانى سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان كۆبووهوه
بەمەبەستی بهدواداچوون و ئاگاداربوون لە كێشە و گرفتەكانی كەسوكاری شەهیدان و گهیاندنی گلهیى و داواكارییهكانیان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٦/٢٢، لێژنەی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و جینۆساید و زیندانیيانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان، سەرۆكی لێژنه و ئامادهبوونی جێگرى سهرۆكی لێژنه و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لێژنەكە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، لێژنەكە تەواوی ئەو گلەیی و سكاڵایانەی كه بەدەستیان گەیشتبوو لەسەر كێشە و گرفت داواكارییەكانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، خستە بەردەمی بەڕێوەبەرایەتییەكان بەمەبەستی ئاگاداربوون لە هۆكارەكانی، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و گوێگرتن لێیان، لێژنه بڕیاری دا ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل لەسەر كێشە و گرفتەكان ئاماده بكات و ئاراستەى دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانى بكات.