لێژنەی وزه و سامانەسرووشتییەكان ڕاپۆرتێك لهبارەی پرسی بەنزین و نەوتی سپی و غازی ماڵان ئامادە دەكات
بهمهبهستی گفتوگۆكردن لهبارهی پرسی بەنزین و نەوتی سپیی ماڵان و غاز، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٦/١٤، لێژنەی وزە و سامانەسرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی، بەسەرپەرشتیی عەلی حهمە ساڵح، سەرۆكی لێژنه و ئامادەبوونی جێگرى سهرۆكی لێژنه و بڕِیاردەر و ئەندامانى و ڕاوێژكارانى لێژنەكە كۆبووەوه.
لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر پرسی بەنزین كرا، كە ڕۆژانە هەرێمی كوردستان پێویستیی بە زیاتر له پێنج ملیۆن لیترە، بەڵام بڕی یەك ملیۆن لیتر لە ناوخۆ بەرهەمدێت و بڕێكی سنوورداریش لە عێراقەوە دەهێنرێت، ئەمەش جگە لەوەی قەیرانی دروستكردووە، نرخی بەنزینیشی بەرزكردۆتەوە، بۆیە لێژنەكە بەپێویستی زانی كه حكوومەتی هەرێم هەوڵ بدات بۆ زیاتركردنی پاڵاوگە ناوخۆییەكان و بەرهەمی بەنزینی ناوخۆیی دابین بكات، ههروهها بەگرنگی زانی كە حكوومەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ بكات بۆئەوەی بازرگانەكان بتوانن بەسڕە و عێراق بەگشتی وەك ترانزێت بەكاربهێنن بۆ هێنانی بەنزین و بەرهەمە نەوتییهكان كە تێچووی گواستنەوەی لەسەر بەنزین كەم بكاتەوە.
لە بەشێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوتی سپی ماڵان كرا و لێژنە بەگرنگی زانی كە وەزارەتی سامانەسرووشتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا یان لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم پلانی پێویست و خێرا دیاری بكەن بۆئەوەی سەرجەم هاووڵاتییان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەندبن كە (٢٥٨) ملیۆن لیترى پێویستە.
سەبارەت بە غازی ماڵانیش، لێژنە گفتوگۆ و تاووتوێی ئهو پرسهی كرد و بە گرنگی زانی كۆی پێَویستیی كارەكانی غاز دیاری بكرێت و كۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو ڕێژەیە بكرێت و نەهێڵدرێت لەلایەن هیچ كارگە و بازرگانێكەوە بەشێوەی بازرگانی بفرۆشرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پشكی غازی ماڵان لە پارێزگاكان تاووتوێ كرا، بەتایبەت پارێزگای دهۆك كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە سنووری پارێزگاكە بوونیان هەیە، كە بارقورسیی دروست كردووە.
له كۆتایى كۆبوونهوهكهشدا، لێژنه بڕیاری دا ڕاپۆرتێكى تێروتهسهل لهبارەی پرسی بەنزین و نەوتی سپیی ماڵان و غاز ئاماده بكات و ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانى بكات بۆ كارى پێویست.