سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی نووسینگه‌كانى په‌رله‌مان له شار‌و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه
به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئیشوكاره‌كانی نووسینگه‌كانی په‌رله‌مان له شار‌و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵدان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی زیاتریان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٢/٦/٢١، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی نووسینگه‌كانی په‌رله‌مان له شار‌و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دا، كه هه‌ر نووسینگه‌یه‌ك ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانى ئه‌و سنووره لێپرسراویه‌تیی ده‌كات.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه ئه‌رده‌لان محه‌مه‌د سه‌رسپی، سه‌رۆكی دیوانى په‌رله‌مان و هیوا نه‌سره‌دین، جێگری سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان ئاماده‌یبوون، گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی چه‌ندین گرفتی ته‌كنیكی سەبارەت بەشێوازی بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانی نووسینگەكان لە ڕووی پێگه‌ی كارگێڕی كرا و چەندین بیروڕا بەمەبەستی چاككردن و باشتركردنی ڕۆڵی نووسینگەكان لە خزمەتگەیاندن بە ھاووڵاتییان خرانه ڕوو.
د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگه‌یاند: "نووسینگه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له شار‌و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌رایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، بۆیه پێویسته به‌جوانترین شێوه ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه بكه‌ن له به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن و پێشوازیكردنی هاووڵاتییان و وه‌رگرتنی ئه‌و سكاڵا و داواكارییانه‌ی كه ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێن، هه‌روه‌ها به‌دواداچوون بۆ ئه‌و نووسراوانه بكەن كه له ڕێگه‌ی نووسینگه‌كانه‌وه ئاراسته‌ی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌ت ده‌كرێن لەو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگانەی كە دەكەونە سنووری خۆیان".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی لێپرسراوی نووسینگه‌كان كرد، به‌رامبه‌ر ئه‌رك و ماندووبوونیان و نوێنه‌رایه‌تیكردنی په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌كی جوان و شایسته له هه‌موو ئه‌و شار‌و شارۆچكانه‌ی كه نووسینگه‌ی په‌رله‌مانی لێیه، هیواشی بۆ خواستن كه له‌ئاینده‌دا بتوانن ڕۆڵێكی كاریگه‌رتریان هه‌بێت له پێشكه‌شكردنی خزمه‌ت و گوێگرتن لە گیروگرفتی هاووڵاتییانی كوردستان لە سەرجەم شار‌و شارۆچكەكاندا.