بەسەرپەرشتیی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕاپۆرتی دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار ئامادە کرا
ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۰۲۲/٦/۲٦، بە سەرپەرشتیی د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو لێژنەی کاروباری یاسایی و لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و بڕیاردەر و ئەندامانی هەردوو لێژنە، بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردن و داڕشتنەوەی ئەو پێشنیارانەی کە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشکەش کراون سەبارەت بە (پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان-عێراق).
لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک و ئەندامان و ڕاوێژکارانی هەردوو لێژنەکە بە چڕی گفتوگۆیان لەبارەی سەرجەم ماددە و بڕگەکانی نێو پڕۆژەیاساکە کرد و هەموو ئەو پێشنیارانەی کە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانەوە خرابوونە ڕوو تاوتوێکران، و ڕاپۆرتی کۆتایی پێشنیازەیاساکە ئامادەکرا، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر بدرێت.