Skip to the content
Menu

شاندێكى لێژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌ مافى مرۆڤ سه‌ردانى پارێزگاى دهۆكى كرد

ڕۆژی سێشه‌مه‌ ٢٠٢٢/٥/٣١، شاندێكى لێژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌ مافى مرۆڤ، به‌سه‌رۆكایه‌تیى ڕۆمیۆ هه‌كارى، سه‌رۆكى لێژنه‌ و گوڵستان سه‌عید، جێگرى سه‌رۆكى لێژنه‌ و به‌دریه‌ ئیسماعیل، بڕیارده‌رى لێژنه‌ و ئه‌ندامیه‌تیی مه‌م ئه‌سكه‌نده‌ر، ئه‌ندامى لێژنه‌ و كامران محه‌مه‌د تاهیر، ڕاوێژكارى لێژنه‌كه‌، سه‌ردانى پارێزگاى دهۆكی كرد.
ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى كارى لێژنه‌كه‌یه‌ بۆ به‌دواداچوونى كێشه‌ و گرفته‌كانى چاكسازییه‌كانى هه‌رێم.
سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ سه‌ردانى هه‌ریه‌ك له‌ چاكسازیى ژنان و منداڵان، چاكسازیى گه‌ورانى له‌ پارێزگاى دهۆك كرد و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ر و ستافى چاكسازییه‌كانه‌وه‌ پێشوازییه‌كى گه‌رمی لێكرا.
پاشان له‌ دوو كۆبوونه‌وه‌ى جیادا، به‌ڕێوه‌به‌رانى هه‌ردوو چاكسازییه‌كه‌ وێڕاى به‌خێرهێنانى شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان، ڕا و سه‌رنجى خۆیان خسته‌ڕوو و باسیان له‌ چه‌ند كێشه‌ و گرفتى ناو چاكسازییه‌كانیان كرد.
له‌ به‌رامبه‌ردا شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان به‌وردى گوێبیستى هه‌موو كێشه‌كان بوون و دواتر سه‌ردانى هه‌موو به‌شه‌كانى ناو چاكسازییه‌كانیان كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ چاویان كه‌وت به‌ ستافى چاودێرانى ناو چاكسازییه‌كه‌ و هه‌روه‌ها سه‌ردانى هۆبه‌كانى سزادراوان و ڕاگیراوانیان كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ گویبیستى هه‌موو داواكاریه‌كانیان بوون كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌لایه‌نى ژیانیان و حوكمه‌كه‌یان هه‌بوو، له‌پێناوى به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كانیان و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار.
ئێواره‌ى هه‌مان ڕۆژ شاندى لرێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌ردانى سه‌ندیكاى كرێكاران-لقى دهۆكی كرد و چاوی كه‌وت به‌سه‌رۆكى سه‌ندیكا و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌رانى ڕاهێنانى پیشه‌یی و كار و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌و به‌شانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندیداربوون به‌ كاروبارى كرێكاران، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ كرا كه‌ په‌یوه‌ندیداربوون به‌و یاسایانه‌ى په‌یوه‌ندیى به‌ ئاینده‌ی مافى كرێكاران هه‌یه‌یه‌ به‌تایبه‌تى یاساى خانه‌نشین و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌لایه‌تى، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ندیكاوه‌ رێكخراوه‌ و ئاراسته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارله‌ وه‌زاره‌تى كارو كارو بارى كۆمه‌لایه‌تى كراوه‌ به‌مه‌به‌ستى نوسینى راو سه‌رنج له‌سه‌رى و پاشان ئاراسته‌كردنى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن و بڕیاردان له‌سه‌رى و كارپێكردنى.
له‌ كۆتایی سه‌ردانه‌كه‌شیدا، شانده‌كه‌ى لێژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان له‌ دوو گۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌نووسیى جیادا باسیان له‌ ئامانج و سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندیداربوون به‌ سه‌ردانه‌كه‌یانه‌وه‌ بۆ ڕۆژنامه‌نووسان باسكرد، به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌ و گرفته‌كانى تایبه‌ت به‌ ڕاگیراوان و سزادراوان و هه‌روه‌ها ماف و ئاینده‌ی كریكاران له‌ پارێزگاكه‌ و سه‌رجه‌م پارێزگاكانى دیكه‌ی هه‌رێم.