Skip to the content
Menu

بەسەرپەرشتیی سەرۆکی پەرلەمان
كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی نێوان لێژنه‌ی شاره‌وانی و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار به‌ڕێوه‌چوو

بەمەبەستی وەرگرتنی ڕاو بۆچوون و سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەی پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٣/١٣، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، بە سەرۆكایه‌تیی لوقمان وەردی، سەرۆکی لێژنە و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی پرۆتۆكۆل له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ ساسان عه‌ونى، وەزیری شارەوانی و گه‌شتوكوزارى حكوومه‌نتی هه‌رێمی كوردستان و د. محه‌مه‌د شوكرى، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و ئه‌مه‌ل جه‌لال، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم و كوردستان شاندى یاوەریان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، كه‌ د. ڤالا فه‌رید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاماده‌یبوو، د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەسه‌ر گرنگیی پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و پێویستیی جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌خرێنه‌ ڕوو کردەوە به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پێشنیازه‌یاساكه‌.
شاندی حكوومه‌ت، ڕاو سەرنج و تێبینییه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر ماده‌ و بڕگه‌كانی پێشنیازه‌یاساكه‌ خسته‌ ڕوو و دوای تاووتوێكردنیان له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه‌ وەرگیران بۆئه‌وه‌ى لە ڕاپۆرتی کۆتایی لێژنه‌كه‌دا جێگه‌یان بكرێته‌وه‌.
پێشنیازه‌یاساى گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمى كوردستان-عێراق، له‌ بیست مادده‌ پێكدێت كه‌ تێیدا مافى گه‌شتیار و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان به‌شێوازى سه‌رده‌میانه‌ ڕێكخراوه‌.