Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی کۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٣/٦، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پیشوازیی له‌ ئۆلێگ ڤلادیمیرۆڤیچ لێڤین، كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئه‌منى و ئابوورییەکانی ئەمڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان درا سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق، كه‌ جه‌ختیان له‌وه‌ كردبۆوه‌ كه‌ بڕیارەکه‌ى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى قبووڵكراو نییه‌ و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پیاده‌كردنى مافە دەستوورییەکانی و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست له‌ ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌ڵناگرێت و هه‌موو ڕێگه‌یه‌كى یاسایى و ده‌ستوورى ده‌گرێته‌ به‌ر بۆئه‌وه‌ى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزێت.
لە تەوەرێکی دیكه‌ی دیدارەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستان و پلان و به‌رنامه‌ى كارى په‌رله‌مان بۆ وه‌رزی نوێى یاسادانان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووى هه‌رێمی کوردستان كرا.