Skip to the content
Menu

د. هێمن هەورامی پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۰۲۲/۳/۲ د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی کرد لە ماری پارێت بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا، تاوتوێی ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا، هاوکات دەرهاوێشتەکانی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان خرانەڕوو، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، و هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو، کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیارێکی سیاسییە و لەگەڵ دەستووری عێراقی فیدڕاڵ یەکناگرێتەوە.

لەلای خۆیەوە ماری پارێت بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، بەڵێنی هاوکاری و هەماهەنگی دا بۆ ئەوەی ئەو کێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ لە نێوان حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن.