Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ كونسوڵی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٣/٢٩، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ میکێلێ کامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا باسی دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێڕاق و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ كرا، سەرۆكی پەرلەمان، دووپاتی كردەوە كە سازان و لێكتێگەیشتنی ھاوبەش كلیلی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانە، ھیواخوازین كە لایەنە سیاسییەكان ھەنگاوی كردەیی بنێن، زەمینەسازیی گونجاو بڕەخسێنن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن.
لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی كاری په‌رله‌مان له‌م خوله‌ی ئێستا و بایه‌خی ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ده‌رچوون خسته‌ ڕوو و ڕِایگه‌یاند: "كاری له‌پێشینه‌ى خولی پێنجه‌مى په‌رله‌مانی كوردستان، گرنگیدان بوو به‌ به‌هێزكردنی سێكته‌ره‌كانی پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار و بازرگانی، بۆئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها پشت به‌ كه‌رتى نه‌وت و سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كان نه‌به‌ستێت.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوپاسی وڵاتی ئیتاڵیا و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی كرد، له‌ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا.
لای خۆیه‌وه‌ میکێلێ کامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ خستنه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و هه‌ردوولاش جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌.