لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى به‌دواداچوون بۆ پرسی داهاتی ناوخۆی هه‌رێم ده‌كات
بەمەبەستی به‌دواداچوون بۆ پرسی داهاتی ناوخۆی هه‌رێم و تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەكه، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممه ٢٠٢٢/٣/٧، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار، سه‌رۆكى لێژنه و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه و بڕیاردەر و ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه کۆبووەوه.
سەرەتای كۆبوونەوەكە خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە كرا كە ئاڕاستەی لێژنەكه كرابوون، دوای گفتوگۆكردنیان، ئەوانەی پێویستییان به وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه، ئەوانه‌ی تریش ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران به‌مه‌به‌ستی ئاراستەكردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
پاشان پرسی داهاتى ناوخۆى هه‌رێم گفتوگۆى له‌باره‌وه كرا و بۆ ئاگاداربوون و بەرچاوڕوونیی زیاتر، لێژنە بڕیاری دا سێ نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات بۆ ئه‌نجامدانى کۆبوونەوە لەگەڵ هه‌ریه‌ك له ئەنجوومەنی باڵای ئابووری، بەڕێوەبەرایه‌تیی گشتیی گومرکى سلێمانی و هەولێر و بەڕێوەبەرانی دەروازەکان و بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان، بەمەبەستی تاووتوێكردن و له نزیكه‌وه ئاگاداربوون لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، یاسای چاکسازی گفتوگۆى له‌سه‌ر کرا و ئەندامانی لێژنە نیگەرانیی خۆیان لە نەناردن و دواکەوتنی ڕاپۆرتی چاکسازی ده‌ربڕی کە بڕیاربوو هەموو سێ مانگ جارێک بۆ لێژنەكه بنێردرێت، بۆیە بڕیار درا نووسراوێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێ و تێیدا داوای ناردنی ڕاپۆرتی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ماددەکانی یاسای چاکسازی بكرێت.
دوا ته‌وه‌رى کۆبوونەوەکەش ته‌رخان كرا بۆ گفتوگۆکردنی بابەتی خانەنشینیی پلەباڵاکان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لێژنە بڕیاری دا نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات بۆ داواکردنی ڕوونکردنەوە لەسەر بڕیارنەدانی یاسای چاکسازی بۆ ئەوانەی دۆسییەكانیان یەکلایى بۆتەوە.