لێژنه‌ی دارایی پرسی خراپیی میکانیزمی دابه‌شكردنی مووچەی خانەنشینان و نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە تاووتوێ دەکات
بەمەبەستی تاووتوێکردنی پرسی خراپیی میکانیزمی دابه‌شكردنی مووچەی خانەنشینان و نەناردنی پڕِۆژەیاسای بودجە، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشەممه ٢٠٢٢/٣/٢٩، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار، سه‌رۆكى لێژنه و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه و بڕیاردەر و ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه کۆبووەوه.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، بۆ بەدواداچوون بۆ خراپیی میکانیزمی دابەشکردن و پێدانی مووچەی خانەنشینان، لێژنەکە بڕیاری دا لێژنەیەکی لاوەکی پێکبهێنێت بۆ بەدواداچوونی پێشنیازەکانی چارەسەریی ئەو پرسە لە نزیکترین کاتدا، چونکە ئەوە پرسێکی گرنگە و پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییانی کوردستانەوە.
پاشان خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە كرا كە ئاڕاستەی لێژنەكه كرابوون، دوای گفتوگۆكردن و گۆڕینەوەی بیروڕای ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان به وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه، ئەوانه‌ی تریش ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران، به‌مه‌به‌ستی ئاراستەكردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
هه‌ر لە کۆبوونەوەکەدا، کار‌و چالاکی و کۆبوونەوەکانی پێشوو و ڕاپۆرتی وەڵامەکانی حکوومەت بۆ نووسراوەکانی لێژنەكه تاووتوێ کرا.
سه‌باره‌ت به کردنەوەی فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی دارایی لە دهۆک و هەڵەبجەش، لێژنه بڕیاری دا نووسراو ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات بە ئاماژە بە نووسراوی یاسای ساڵی ٢٠١٩ لەو بارەیه‌وە و هەروەها بڕیار درا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دەستەی دیوانی چاودێریی دارایی ڕێکبخرێت لە داهاتوودا.
لە تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، لێژنه‌كه ناڕەزایی و گلەیی خۆی لەبارەی نەناردنی پڕِۆژەیاسای بودجە له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆ په‌رله‌مان دەربڕی و بڕیار درا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت لەسەر ئەو پرسە.
لە به‌شی كۆتایی کۆبوونەوەكه‌شدا، لێژنەکە پێشوازیی له شاندێكى ڕێکخراوی ستۆپ كرد و وێڕای قسه‌كردن له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆ و پرسی مووچه و بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕێكخراوه‌كه چه‌ندین پێشنیازیان بۆ چۆنیه‌تیی داڕشتن و گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه و شێوازه‌كانى خسته به‌رده‌م لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان و گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا و لێژنەکەی پەرلەمان دەستخۆشییان له هەوڵه‌كانی ڕێکخراوەکە كرد و جەختیشیان لەسه‌ر هەوڵه بەردەوامه‌كانی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە کردەوە.