پەیامی پیرۆزبایی د. هێمن هەورامی لە یادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار و ڕاپەڕینە شکۆمەندەکەی شاری هەولێر
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
واژۆکردنی رێککەوتننامەی مێژوویی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلول و حکومەتی عێراق، سەرەتای وەرچەرخانێکی گەورەبوو لەبزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان، چونکە یەكەمجاربوو حكومەتی عێراق دانبنێت بەمافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیداری و كلتوورییەكانی گەلی كورد و چارەسەركردنی كێشەی كورد بەڕێگەی ئاشتییانە، کە تا ئەوسات لەخەباتی نەپساوەی خۆی بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی نەوەستا بوو بۆ بەدەستهێنانی ماف و خواستەکانی تەواوی خەڵکی کوردستان، شۆرشی ئەیلوول بەهۆی فیداکاریی خەڵک و سەرکردایەتییەکەی، حکومەتی عێراقی ناچارکرد دان بەمافەکانی خەڵکی کوردستاندا بنێت.
رێککەوتنامەی یازدەی ئادار، بەرھەمی خەباتی نیشتمانیی رزگاریخوازانی کوردستان بوو، بناغەی ئەو دەسکەوت و پێشڤەچوونانە بوو کەدواتر بەهۆی خەباتی بەردەوامی خەڵکی کوردستان بەدیهاتن، ئەو رێککەوتنەش سەلمێنەری چارەسەری راستەقینەبوو كه هەموو کێشەو پرسەکان بەگفتوگۆ و لەیەکترتێگەیشتن دەتوانرێت چارەسەر بکرێن، و خەڵکی کوردستانیش هەمیشە بۆ چەسپاندنی مافەکانی گفتوگۆ و دانوستاندن بەچارەسەری راستەقینە زانیوە.
یازدهی ئادار هاوکاتە لەگەڵ راپەڕینە مهزنهكهى بههارى ١٩٩١ى شاری هەولێری سەربەرز، هەولێر نمونەی هەرە باڵاو دیاری بەرهەمی راپەڕین و ئیدارەی کوردستانییانەیە، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و پێشڤەچوون لەسیما هەرە دیارەکانی هەولێرن، لەکاتێکدا هەموو ناوچەکە پێویستییان بەو بەهایانە هەیە، بهو بۆنهیهوه پیرۆزبایی یادى ۳۱ ساڵهی ڕاپهڕین لەخەڵکی ههولێرى خۆڕاگر و سهرجهم کوردستانییان دەکەم.
ههر لهم یاده دا داوا لە خەڵک و هەموو هێزە کوردستانییەکان دەکەین کە بەیەکڕیزی و یەکخواستییەوە لەپشتی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی کوردستان بوەستن بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری و یاسایی هەرێم و چارەسەرکردنی تەواوەتی کیشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.
یادکردنەوەی ١١ی ئاداری ئەمساڵ، هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵێک رووداو، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستووری خەڵکی کوردستان نەبین و بە دانوستاندن و گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵ کێشەکان چارەسەر بکرێن، هاوکات پێویستە بەغدا لەوە تێبگات کە کێشەکان تەنها بە گفتوگۆ چارەسەر دەبن و خۆ فەرزکردن و هێز بەکارهێنان هیچی لێی بەرهەم نایەت. لەم بۆنە پیرۆزەدا، داواکارم لە هەموو هێزە سیاسییەکان بە یەکڕیزی و یەکدەستی بۆ چەسپاندنی مافەکانمان و پاراستنی یەکڕیزی زیاتر کۆشش بکەن و هەوڵەکانانیان بخەنەگەڕ.
د. هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/٣/١١