بەیاننامەى لیژنەى کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لەیادی ٣٤ساڵەی كیمیابارانى شارى هەڵەبجەدا
تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ڕق و تۆڵەى ڕژێمی بەعس و دوژمنانی كوردستان و ئازادی بوو بەرامبەر چۆك دانەدانی گەلی كوردستان لەبەرامبەر زوڵم و ستەمی دەیان ساڵەیان بۆ لەناوبردنی هەستی كوردایەتی، ڕق بوو بەرامبەر بەردەوامی خەبات و تێكۆشانی كوردستانیان لەپێناو مافە رەواكانیان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و یەكسانی لەنێوان گەلانی عێراقدا، هەروەها لەبەرامبەر سووربوونی گەلی كوردستان بۆ لەگۆڕنانی ڕژیمی دیكتاتۆری و دامەزراندنی حوكمڕانییەکی دیموكراسی. ئەو تاوانە نەک تەنها بەپێوەرە ئایینى و مرۆڤدۆستەکان تاوانێکى گەورە بوو، بەڵکو یاساى نێودەوڵەتیش دەمێکە نەفرەتى لەو جۆرە تاوانانە کردووە و لەپەیماننامە نێودەوڵەتیەکاندا قەدەغەى کردووە و سووریشە کە دەبیت تاوانبارەکانیان، لەهەر کوێیەک بن، بەسزا بگەیەندرێن.
جێگاى ئاماژەکردنە لەسەر بنەماى ئەوەى پەرلەمانی عێراقی لە دانیشتنی خۆی لە رۆژی (٢٠١١/٣/١٧)دا بە پشت بەستن بەبڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە (٢٠١٠/٢/٢٨) تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی بە جینۆسایدكردن ناساند، و بەو پێیەى کە دەوڵەتى عێراق هێشتا میراتگرى ئەو بەرپرسیاریەتییەی حكومەتی ئەوسای عێراقی ئەنجامدەری تاوانەكەیە، پێمان وایە كە بە پلەی یەكەم ئەركی حكومەتی عێراقی فیدراڵە كە ساڕیژی ئەو برینەی جەستەی كوردستان بكات و بەو ئەركە یاسایی و مرۆڤانەی كە لەو چوارچێوەیەدا دەكەوێتە ئەستۆی لەڕووى داواى لێبوردنکردن و قەرەبووکردنەوەى قوربانییەکان و ئاوەدانکردنەوەى شارەکە هەڵبستێت.
لەهەمان كاتدا داوا دەکەین لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش هەر یەك لەپەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسییەكان، توانای تایبەت و گەورە بۆ نەهێشتن و چارەسەركردنى ئاسەوارە نەگریسەكانی ئەو تاوانە بەسەر هەڵەبجەییەكان و هەڵەبجەوە بسڕنەوە، بەتایبەتى لەڕووى چارەسەرکردنى بەرکەوتوانى چەکى کیمیاوى و دابینکردنى خزمەتگوزاریەکان بۆ شارەکە و پەرەپێدانى پارێزگاى هەڵەبجە کە بۆتە سمبوڵى بەرخۆدان و قوربانی گەلى کورد.
لەم یادەدا سەرى ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانى کیمیابارانی شارى هەڵەبجە و گشت شەهیدانى گەلى کوردستان دادەنەوێنین و دروود بۆ گیانی پاکیان دەنێرین، سەرشۆرى و نەفرەتیش بۆ تاوانبارانى ئەو تاوانە و دوژمنانى گەلەکەمان.
لیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/٣/١٦