Skip to the content
Menu

پەیامی پیرۆزبایی د. هێمن هەورامی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی

بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی ٢٧٢٢ى کوردییەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان و ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تاراوگە دەکەم.

نەورۆز نوێبوونەوەی ژیان و دەستپێکی بەهارێکی نوێیە، پەیامی نەورۆز ڕِەتکردنەوەی زوڵم و نادادی و نایەکسانییە، بەردەوامیی تیکۆشانە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەری. هەمیشە دەبێ وانەکانی نەورۆز لە ئومێد و بەرخودان و کۆڵنەدان لە ڕۆح و گیانمان بچەسپێنین و هەوڵی زیاتر بۆ سەروەری و سەقامگیری و دادپەروەری و چاکسازیی بەردەوام بدەین. نەورۆز مانای بایەخی پتەوترکردنی یەکڕیزی و هاوخەباتی و باوەڕی هاوبەشە بۆ چەسپاندنی مافەکانی خەڵك.

ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی نەورۆز دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە ناوچەکەدا لەبەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگدایە، لەوانە دۆخی سیاسیی عێراق و ناڕۆشنیی ئاراستەکانی هاوکێشە سیاسییەکان و هەوڵەکانی دژ بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بڕیارە سیاسییەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بە تەفسیری سیاسی بۆ بنکۆڵکردنی قەوارەی دەستووری، دۆخی نالەباری ئابووری و لێکەوتەکانی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەردەوامیی دۆخی داسەپاوی ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێ نەبوونی ماددەی ١٤٠، کاریگەریی ململانێی زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهان لە گۆڕەپانی عێراق، پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمی، دابەزینی ئاستی متمانەی ناو لایه‌نە سیاسییەکان و کاریگەریی خراپی پەرتبوونی ناوخۆیی، ڕێگرییەکانی بەردەم پرۆسەی چاکسازیی هەمەلایەنە لە خەرجی و داهاتەکان بە گشتی و بە تایبەتی لە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ لە هەندێ ناوچە، ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم ئیستیحقاقی یاسایی و دەستووریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی ١ی ١٠ی ئەمساڵی بۆ دیاری کراوە، لەگەڵ چەندین ئاستەنگی دیکە. ئومێد دەکەم یادەکانی نەورۆز لە ئاستی ناوخۆییمان، متمانە و ئومێد بە کاری پێکەوەیی و گیانی زاڵبوون بەسەر بەرژەوەندییە تەسکە حزبی و کورتخایەنەکان زیندووتر بکاتەوە و بە پێکەوەیی دەتوانین بەسەر ئەو کۆسپ و ئاستەنگانەدا زاڵ بین و دەرفەتی زیاتر بۆ بەرگری لە هەرێمەکەمان و بەهیزترکردنی دامەزراوەکانی و بەرزترکردنەوەی متمانەی نێوان هەموو لایەک بێنینە دی.

هەروەک چۆن لە بڕیاری ژمارە ٢٥٤\٦٤ی ڕۆژی ٢٣ی شوباتی ٢٠١٠ی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، نەورۆز توراسێکی مەعنەویی مرۆڤایەتییە و لەم سۆنگەیه‌شەوە هەرێمی کوردستان خوازیاری برایەتی و ڕێزگرتنی هاوبەش و بەرژەوەندی و سەقامگیریی هاوبەشە لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵات و نەتەوانەی کە ڕۆژی نەورۆز پیرۆز دەکەن.

دووبارە پیرۆزبایی نەورۆزتان لێ دەکەم، دروود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەنێرم، سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و کەسوکارە سەربەرزەکەیان، هەموو ڕۆژێکتان نەورۆز و هەموو نەورۆزێکتان ئاسوودەیی و ئارامی بێت.

د. هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

٢٠٢٢/٣/٢٠