Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ باڵیۆزی نوێی كه‌نه‌دا له‌ عێراق كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٣/٨، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی نوێی كه‌نه‌دا له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانى و پێرۆزبایی لێكردنی به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌یان وه‌ك باڵیۆزی نوێی عێراق، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن له‌ به‌جێگه‌یاندن و ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیاندا. دواتر گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆزی ژنان له‌ هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌وشی ناهه‌موار و نه‌خوازراوی ژنان كرا، به‌ تایبه‌ت بابه‌تی كوشتنی ژنان به‌بیانووی شه‌ڕه‌ف.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باسی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی داهاتووی په‌رله‌مان و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ و تێڕوانینی جیاوازی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ پرۆسه‌كه‌ كرا، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی كاری په‌رله‌مانی ئه‌م خوله‌ی ئێستادا، هه‌روه‌ها بایه‌خی ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا ده‌رچوون بۆ شاندی مێوان خسته‌ ڕوو و ڕِایگه‌یاند: "كاری له‌پێشینه‌ی ئه‌م خوله‌ی ئێستای په‌رله‌مانی كوردستان، گرنگیدانه‌ به‌ به‌هێزكردنی سێكته‌ره‌كانی پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار و بازرگانی. بۆئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها پشت به‌ فرۆشتنی نه‌وت و سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كان نه‌به‌ستێت، هاوكات به‌هێز بوونی ئه‌م سێكته‌رانه‌ ڕۆڵێكی دیار ده‌بینێت له‌ به‌گه‌ڕخستنی ده‌ستی كار و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان، خۆشبه‌ختانه‌ یاسامان بۆ زۆربه‌ی ئه‌م سێكته‌رانه‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ ناومان هێنان، جێبه‌جێكردنیشیان كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێم و كوردستان ده‌توانێت پشت به‌ به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی خۆی ببه‌ستێت له‌ دابینكردنی هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌سته‌ و خۆراكانه‌ی كه‌ پێویستیه‌تی به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌م خوله‌دا یاسایه‌كیشمان بۆ پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی ده‌ركردووه‌".
لای خۆیانه‌وه‌ گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی نوێى كه‌نه‌دا له‌ عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ پێشوازییه‌كه‌ و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ دیداره‌كه‌ و بایه‌خ و گرنگی ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی كه‌ باسكران ده‌ربڕی.