سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بەشداری لە پانێڵێک لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرد
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ٢٠٢٢/٣/٢٧ د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌شداری له پانێڵی ( به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاسۆ وچاره‌سه‌ر) کرد، كه له‌لایه‌ن تۆڕی ڕێكخراوه‌كانی بواری هه‌ڵبژاردن به پاڵپشتیی ڕێكخراوی (NED) ی ئه‌مریكی رێکخرابوو.
له پانێڵێکدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تیشكی خسته سه‌ر چه‌ندین لایه‌نی سیاسی و یاسایی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، هاوكات باسی لە ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه و كێشمه‌كێشی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد، د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه كه هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی تایبه‌تن به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ڕه‌هه‌ندی سیاسیان هه‌یه، پێویستیان به سازان و ڕێكکه‌وتنی نێوان حیزب و لایه‌نه سیاسیه‌كان هه‌یه، به‌ڵگه‌ی دۆخی چه‌قبه‌ستوویی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێیی عێڕاقیشی وه‌كوو زیندووترین نموونه بۆ ئاماده‌بووانی پانێڵه‌كه خسته ڕوو، له به‌شێكی دیكه‌ی قسەکانیدا كه تایبه‌ت بوو به پرسیار و وه‌ڵامی ئاماده‌بووان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، جارێكی دیكه مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردووی كوردستان و ڕێكکه‌وتن و سازانی نێوان حیزبه كوردستانییه‌كانی له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ ه‌وه تاوه‌كو ده‌گاته دوایین هه‌ڵبژاردن له ساڵی ٢٠١٨ بەبیر ئاماده‌بووان هێنایەوە، كه هه‌ر هه‌موویان به ڕێكکه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی نێوان حیزبه سیاسییه‌كان بوون، پێویستیی سازان و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌شی وه‌كوو گونجاوترین بژارده هه‌ڵسه‌نگاند، بۆ گه‌یشتن به ڕێکكه‌وتن له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن.