شاندی باڵای په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ردانی شوێنی هێرشە مووشەکییەکه‌ى سه‌ر هه‌ولێر ده‌كه‌ن
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشه‌ممه ۲۰۲۲/۳/۱٥، د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کە ژمارەیەک لە ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له فڕاکسیۆنە جیاوازەکان و ژماره‌یه‌ك لە ئەندامانی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان یاوەری بوون، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازیى لە شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
شاندەکەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه پێكهاتبوو له حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانى عێڕاق و د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و نایف موکەیف ئەلشمه‌ری، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، عەتوان سەید حه‌سه‌ن عەتوانی، سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا و عەباس شوعه‌یل ئەلزاملی، سەرۆکی فراکسیۆنی فەتح و هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان، دوای پێشوازیكردنیان له‌لایه‌ن د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌یه‌كه‌وه سه‌ردانی شوێنی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ى مووشه‌كه‌كانی كۆمارى ئیسلامیی ئێرانیان كرد و له‌لایه‌ن شێخ باز كه‌ریم و خانه‌واده‌كه‌یه‌وه پێشوازییان لێكرا و لە نزیکەوە شوێنه‌كه‌یان بینی و دواتر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیى هاوبه‌شدا، کە لە ماڵی هاووڵاتی شێخ باز بەڕێوەچوو، د. هێمن هەورامی، ڕایگەیاند: "هاتنی شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرز دەنرخێنین، بۆئه‌وه‌ی لە نزیکەوە ئاسەواری مووشەکەکان ببینن"، گووتیشی: "هێرشكردنه سه‌ر هه‌ولێر و بەئامانجگرتنی شاری هەولێر، هێرشكردنه بۆ سه‌ر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و پێشوازيش لە هەر لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەکەین کەبێن بۆئەوەی لە نزیکەوە به‌چاوی خۆیان بارودۆخەکە ببینن، چونکە ئەم ماڵە، ماڵی خێزانێکی دیاری شاری هەولێرە"، گووتیشی: "لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەدا لە پەرلەمانی کوردستان بەتوندی ئیدانەی ئەو پەلاماردانەمان کرد و پێویستە هەموو لایەکمان بەیەکەوە ڕووبەڕووی ببینینەوە، چونکە ئەمە لێدانە لە سەروەریی عێراق".
هه‌ر له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، حاکم زاملی، جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وێڕای ڕاگه‌یاندنی مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان كه بۆ له نزیكه‌وه بینینی شوێنی بۆردوومانه‌كه و ئاگاداربوون و به‌دواداچوونه له هۆكار و ئاكامه‌كانی هێرشه‌كه، ڕایگەیاند: "سەردانی هەولێرمان کردووە بۆئه‌وه‌ى له نزیكه‌وه شوێنی ڕووداوه‌كه بینین و ڕاستییەکان و هۆکارەکانی ئەو بۆردوومانە و به‌ئامانجگرتنی ئه‌و شوێنه بزانین"، گووتیشی: "بەشێوەیەکی مەیدانی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین، باش دەزانین بەئامانجگرتنی هەر شوێنێکی عێراق، بەئامانجگرتنی هەموو عێراقە، پەرلەمانی ئەمجارە جیاوازە، چونکە گرنگییەکی زۆر بەتەواوی گەلانی عێراق دەدات".
ڕاشیگه‌یاند: "نامانه‌وێ عێراق ببێته گۆڕه‌پانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكان، عێراق وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و حاوه‌ن سیاده‌یه ڕێز له هه‌مووان ده‌گرێت، هه‌ره‌شه له هیچ وڵاتێك ناكه‌ین له وڵاتانی دراوسێ، ئێمه وڵاتێكی لاواز نین، سه‌ر به‌هیچ لایه‌نێكیش نین، رێز له هه‌موو وڵاتانی دراوسێ ده‌گرین، به‌ڵام نامانه‌وێ ببین به به‌شێك له‌و ململانێیانه، پێویسته ئه‌و وڵاتانه‌ش ڕێز له تایبه‌تمه‌ندیی عێراق بگرن".
حاکم زاملی باسی لەوەش کرد ئەوان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە هاتوونەتە هەولێر و ڕِاسپاردەکانی خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران. لە درێژەی سەردانەکەیاندا شاندەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، قەڵای هەولێریان بەسەر کردەوە.
پاشان سه‌ردانى وه‌زاره‌تی ناوخۆى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆ پێشوازییان لێكرا و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ئاماده‌بوونی شاندی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان و شاندی باڵای ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هۆكار و ئامانج و لێکەوتەکانی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر تاووتوێ کرا و دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه بۆ ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن خرایه ڕوو.
دواتر شاندی باڵای ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌لایه‌ن د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و شاندی یاوه‌رى له په‌رله‌مانی كوردستان، له ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێره‌وه به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێكران.