Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیى له‌ شاندێكی باڵای په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٥/٢٥، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، به‌سه‌رۆكایه‌تیی ناتالی لۆیزۆ، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا كه‌ ماری پارێت، به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یبوو، گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی چه‌ندین بابه‌ت و پرسی هه‌نووكه‌یی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان و عێراق كرا،
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ی دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، دۆسیه‌ی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و مه‌ترسییه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكی عێراق، پرسی ژنان و ئازادییه‌ گشتییه‌كان پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووانی دیداره‌كه‌ كرد.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیشیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان تیشكی خسته‌ سه‌ر پرسی مافه‌كانی مرۆڤ، بابه‌تی پێكه‌وه‌ژیان و فره‌یی، ئازادییه‌ گشتییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان. په‌یوه‌ندیی تووندوتۆڵی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان بابه‌تێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌یان بوو.
دواتر ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ به‌پرسیار و تێڕوانینه‌كانیان له‌باره‌ی چه‌ندین پرسی هه‌نووكه‌یی گفتوگۆكانیان فراوانتر كرد.
د. ڕێواز فائق، ڕایگه‌یاند: "له‌ماوه‌ی ڕابردوودا په‌رله‌مانی كوردستان له‌به‌رده‌م چه‌ندین ئاڵنگاریی سه‌ختدا بوو سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان و یاسای هه‌ڵبژاردن، كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن و تۆماری ده‌نگده‌ران، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ئێستادا دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌ و نزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ ڕێككه‌وتن، به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت".