لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى بانگهێشتی هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی بانكی هه‌رێم له هه‌ولێر و سلێمانی ده‌كات
بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێکى گونجاو بۆ دابه‌شكردنی مووچەی خانەنشینان و تاووتوێكردنی دۆخی دارایى و ئابووریى هه‌رێم به‌گشتی، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممه ٢٠٢٢/٥/١٦، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار، سه‌رۆكى لێژنه و ئاماده‌بوونی ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه، کۆبووەوه.
سەرەتای كۆبوونەوەكە، بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێكی گونجاو بۆ دابەشکردن و پێدانی مووچەی خانەنشینان کرا و ئەندامان ڕاو سەرنج و تێبینیى خۆیان لەوبارەیه‌وه خستە ڕوو و جەختیان لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان کردەوە بۆئەوەی لە نزیکترین کاتدا چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە هەنووکەییە بدۆزرێته‌وه.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دۆخی دارایى و بابەتە ئابوورییەکانی هەرێم بەگشتی، تاووتوێ کران و لێژنە بڕیاری دا نووسراوی جەختکردنەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات بۆ داواکردنی ئامادەبوونی هەردوو بەڕێوەبەری گشتیی بانکی هەرێم لە هەولێر و سلێمانی، بۆ گفتوگۆکردنی بارودۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە نزیکترین کاتدا.