Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌ كاری لێژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٥/١٧، لێژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. سه‌باح زێباری، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانى و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌، كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داواى سه‌رۆكی لێژنه‌، ئه‌و لێژنه‌ لاوه‌كییه‌ى كه‌ بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ كێشه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی پسپۆڕیی نه‌شته‌رگه‌ری/سه‌نته‌ر دڵ له‌ هه‌ولێر پێكهێنرابوو، ڕاپۆرتی خۆیان خوێنده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا سه‌ردانی مه‌یدانیی سه‌نته‌ری دڵیان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ ستافی كارگێڕی و سه‌رۆكی به‌شه‌كان كۆبوونه‌وه‌ته‌وه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ له‌ كێشه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانیان كۆڵیوه‌ته‌وه‌.
دوای خوێندنه‌وه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌، بڕیار درا ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت و له‌ڕِێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بكرێت.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس له‌ گرفتی كه‌میی ده‌رمان و كه‌میی پاره‌ی به‌رده‌ست بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانى پزیشكی و ده‌رمان كرا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بڕیار درا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا لێژنه‌كه‌ سه‌ردانی وه‌زیری دارایی بكات و گفتوگۆی جدی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێت.