لێژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات
به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به كاروباری لێژنه‌كه، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٢/٥/٢٤، لێژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی جه‌لال محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی لێژنه و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانى و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا.
له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر نووسراوێكی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان كه باس له‌وه ده‌كات كار بكرێت بۆ پێكهێنانی چه‌ند لێژنه‌یه‌ك بۆ ڕیفۆرمی كه‌رتی ڕۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان، دوای گفتوگۆكردنی ناوه‌ڕۆكی نووسراوه‌كه بڕیار درا لێژنه‌كه له هه‌ماهه‌نگیدا بێت بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر كێشه‌ی كه‌میی ده‌رماڵه‌ی كتێبخانه گشتییه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی و بڕیار درا جێگری سه‌رۆكی لێژنه به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه بكات و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بدات.
له كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشتانه‌ی ئاراسته‌ی لێژنه‌كه كرابوون خوێندرانه‌وه و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.