Skip to the content
Menu

په‌یامی لێژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ڕۆژی جیهانیی په‌رستاراندا

لێژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌ و مافى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌كانى كوردستان، ڕۆژى ١٢ى مایس، ڕۆژى جیهانیى په‌رستارانى جیهان به‌ گشتى و په‌رستارانى ئازیز و ماندوو و خۆنه‌ویستیى كوردستان به‌تایبه‌تی به‌رز و پیرۆز ده‌كات.
له‌ كاتێكدا ئه‌م یاده‌ به‌رز ڕاده‌گرین كه‌ ماندوونه‌ناسانه‌ له‌ ماوه‌كانى ڕابردوو په‌رستارانی ئازیزمان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیاریەتی له‌ خزمه‌تی پاراستنی ته‌ندروستیی هاووڵاتییاندا بوون له‌ بابه‌تى په‌تا جیهانییه‌كان و به‌رده‌وامیشن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تای تازه‌، بۆیه‌ پڕ سه‌روه‌رترین مێژوویان تۆمار كردووه‌، ته‌نانه‌ت گیانى خۆشیان تێدا بەخت كردووە.
هاوشان وه‌كو هێزكارى ته‌ندروستى و ته‌واوكه‌رى توێژه‌كانى ناوه‌ندى ته‌ندروستى له‌ سه‌نگه‌رى پێشه‌وه‌بوون بۆ بره‌ودان و خزمه‌تكردنى كه‌رتى ته‌ندروستى، به‌هۆى ئه‌وانه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌رتى ته‌ندروستى هه‌میشه‌ پڕ خزمه‌تترین كه‌رت بووه‌ بۆ مرۆڤایه‌تى.
‏‎جێگەی خۆیه‌تی له‌م یاده‌دا ڕۆڵى په‌رستاران و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌ گشتى و هێزكارى ته‌ندروستیی خۆبه‌خش له‌بیر نه‌كرێن كه‌ پێشمه‌رگه‌ئاسا و بێ به‌رامبه‌ر له‌ خزمه‌تی كه‌رتی ته‌ندروستیدان و به‌ده‌رنین له‌و په‌رستارانه‌ی كه‌ دووچاری مه‌ترسیی ته‌ندروستی بوونه‌ته‌وه‌ له‌ ماوه‌كانى ڕابردوودا، به‌رده‌وامیش له‌ مه‌ترسیدان و له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ى هێزكارى ته‌ندروستىدا، هاوشانى خوشك و برا هاوپیشه‌كانیان له‌ خزمه‌تدان.
‎داوا له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین زه‌مینه‌ی له‌بار بڕه‌خسێنێ بۆ هه‌لی كار و خستنه‌سه‌ر پیشه‌ی په‌رستاران و ده‌رچووانی به‌شه‌ ته‌ندروستی و پزیشكییه‌كان له‌ هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت، بۆئه‌وه‌ی سوود له‌ تواناكانیان وه‌ربگیرێت و له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كاندا ڕه‌چاوی هاوسه‌نگی له‌نێوان ئه‌رك و مافه‌كانیان بكرێت و هانی سه‌ندیكاكانی تایبه‌تمه‌ند ده‌ده‌ین كه‌ له‌ ئه‌ركی ڕێكخراوه‌ییان به‌رده‌وام بن له‌ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی توێژه‌كانی ناوه‌ندی ته‌ندروستی و ئاماده‌یی خۆیشمان ده‌رده‌بڕین بۆ پێویستییه‌ یاساییه‌كان له‌م پێناوه‌دا.
‏‎وێڕای ده‌ستخۆشیمان بۆ مامۆستایانی ئازیزی ناوه‌نده‌كانی خوێندنی په‌رستاری بۆ پێگه‌یاندنی په‌رستاری لێهاتوو و پێشكه‌شكردنیان به‌ ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان، پێویسته‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و خوێندنی باڵا هه‌ماهه‌نگیی زیاتر بكه‌ن بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی خوێندنی به‌رده‌وام بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیی په‌رستاری له‌ هه‌رێمی كوردستان و بره‌ودان به‌ خولى جیهانیى پێشكه‌وتوو له‌ بوارى په‌رستاریدا.
لێژنەى كاروبارى تەندروستى و ژینگە و مافى بەكاربەر لە پەرلەمانى كوردستان