سەنتەری توێژینەوەی پهرلهمان بهههماههنگی لهگهڵ كونسوڵخانهى یۆنان سیمینارێکی بۆ چەند لێژنەیەکی پەرلەمان ڕێکخست
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٥/٩، سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، بەهەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی یۆنان له ههرێمی كوردستان، بەسەرۆکایەتیی د. ستاڤرۆس کیریمیس، کونسوڵی گشتیی كۆمارى یۆنان، لە هۆڵی پەناگیری لە تەلاری پەرلەمان، سیمینارێکی بۆ لێژنەکانی (كاروبارى یاسایی، پهیوهندییهكان و ڕهوهندى كوردستانی، کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ، داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت) و ڕاوێژکارانى پهرلهمان و بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆتۆکۆل و هاریکاریی نێودەوڵەتی، ڕێکخست.
لە سیمینارەکەدا، کە لەلایەن پڕِۆفیسۆر د. ڤاسیلیۆس سایرۆس، بەڕێوەبەری گشتیى کلتووری سەرەتای یۆنانی هاوچەرخ- پڕۆژەی ئەرکایڤی مێدیجیا، بەڕێوەچوو، دوو تەوەر گفتوگۆیان لهسهر كرا، کە ئەوانیش هەریەک لە بابەتی (جێندەر و دیموکراسی، دیاسپۆڕا و دیموکراسیی مۆدێرن) بوون.
پڕۆفیسۆر د. ڤاسیلیۆس سایرۆس، کێشەی بەردەوامی جێندەری و کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و گرنگیی ڕۆڵی ژنانی یۆنانى لە کاتی شۆڕش و دوای شۆڕش باس کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە پێشوەختەدا و لە کەرتی پەروەردەوە کار بۆ ئەو بابەتە بکرێت و هەوڵ بۆ یەکسانیی جێندەری بدرێت، تاوەکو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕەنگبداتەوە.
لە تەوەرەی دووەمدا، پڕۆفیسۆر د. ڤاسیلیۆس سایرۆس، دیاسپۆڕای وەکو زەمینەیەک بۆ توانست چوواند و ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیاى لە کاریگەریی دیاسپۆڕا و ئەزموونی وڵاتی یۆنانی لەبارەی دیاسپۆڕای بەهێزەوە باسکرد و جەختی لە کاریگەریی دیاسپۆڕا لەسەر سیاسەت و دیموکراسیی ئەو وڵاتە کردەوە و دووپاتی کردەوە کە هەستی نەتەوایەتی و خزمەتکردنی وڵاتی دایک پرسێکی سنووربڕە و لە دیاسپۆڕادا ڕەنگی داوەتەوە.
ههر له سیمینارهكهدا ئەندامان و ڕاوێژکارانی پەرلەمان، ڕا و سەرنج و تێبینیی خۆیان لەسهر ههردوو تهوهرهكه خستەڕوو.