Skip to the content
Menu

له دانیشتنی ئه‌مڕۆدا
چوار پڕِۆژە و پێشنیازه‌یاسا په‌سندكران و خوێندنه‌وه‌ى دووه‌میش بۆ پڕۆژه‌یاسای كار كرا

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٢/١١/٢٩، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (١٤)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌. پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووی به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌ر له‌خستنه‌ڕووی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كار، ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار له‌باره‌ی كێشه‌ و داواكارییه‌كانی خه‌ڵك و یاداشت و ڕاپۆرتی په‌رله‌مانی كه‌ ئاراسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم كراون، داوای چاره‌سه‌ریی كێشه‌كان و وه‌ڵامی حكوومه‌تی هه‌رێم-یان كرد.
له‌ به‌رامبه‌ردا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "له‌ماوه‌ی ڕابردوودا، ٤٥ یاداشت و راپۆرتی په‌رله‌مانی ئاراسته‌ی حكومه‌ت كراون و ٢٩ یاداشت و ڕاپۆرتی په‌رله‌مانتارانیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی حكوومه‌ت دانیشتنی له‌سه‌ر ئه‌نجام دراوه‌. سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌خنه‌ی به‌شێكی په‌رله‌مانتارانیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "حكوومه‌تی هه‌رێم، حكوومه‌تی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ و ئه‌و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی تێیدا به‌شدارن و حكوومه‌ته‌كه‌یان پێكهێناوه‌، ئه‌وا به‌شدارن له‌هه‌ر ده‌سكه‌وتێك و به‌شداریشن له‌ به‌رپرسیاریه‌تیی هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك كه‌ هه‌بێت. له‌ چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانی و به‌پێی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، یاداشت و به‌داواداچوونی په‌رله‌مانی ئه‌نجام ده‌درێت و پرس و ڕێكاری دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كاری په‌رله‌مانی ده‌بێـت له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ تیمی به‌شدار له‌ حكوومه‌تی ئه‌و فراكسیۆن و كوتله‌ په‌رله‌مانییانه‌ بێت".
دواتر به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، به‌پێی حوكمی مادده‌كانى (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦) له په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، تایبه‌ت بوو به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ردوو پێشنیازه‌یاسای پاراستنی ئاژه‌ڵان و یاسای به‌ركاركردنی یاسای فیدڕاڵی واژووی ئه‌لیكتڕۆنی و مامه‌ڵه‌ ئه‌لیكتڕۆنییه‌كان، ژماره‌ ٧٨ی ساڵی ٢٠١٢، له‌گه‌ڵ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ردوو پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری پیاده‌كردنی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌وقاف، ژماره‌ ٦٤ی ساڵی ١٩٦٦ و پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ئه‌نجوومه‌نی شورای هه‌رێم، ژماره‌ ١٤ی ساڵی ٢٠٠٨.
هه‌رچوار پێشنیازه‌یاسا و پڕۆژه‌یاساكان به‌جیا له‌لایه‌ن لێژنه‌ى كاروبارى یاساییه‌وه، ڕاپۆرتی ده‌نگدان له‌سه‌ریان به‌ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه له‌ دانیشتنه‌كانی پێشووتردا لهكاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پێشنیازه‌یاساكان خرابوونه‌ڕوو، به‌ناوونیشان و مادده‌كانى و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌جیا خرانه ده‌نگدانه‌وه و په‌سند كران.
جێی ئاماژه‌یه‌، پێشنیازه‌یاسای پاراستنی ئاژه‌ڵان و پێشنیازه‌یاسای به‌ركاركردنی یاسای فیدراِڵی واژووی ئه‌لیكتڕۆنی و مامه‌ڵه‌ ئه‌لیكتڕۆنییه‌كان به‌كۆی ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی ئاماده‌بووی دانیشتنه‌كه‌ په‌سندكران.
هه‌روها په‌سندكردنی پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری پیاده‌كردنی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌وقاف، ژماره‌ ٦٤ی ساڵی ١٩٦٦ به‌ ده‌نگی ٦٦ په‌رله‌مانتارانی ئاماده‌بووی دانیشتنه‌كه‌ په‌سندكرا. هه‌روه‌ك په‌سندكردنی پرۆژه‌ یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ئه‌نجومه‌نی شورای هه‌رێم، ژماره‌ ١٤ی ساڵی ٢٠٠٨ به‌ ٦٠ ده‌نگ بوو.
به‌پێی خاڵی دووه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ى كاری دانیشتنه‌كه‌ش، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان و كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو، پڕۆژه‌یاسای كار له‌ هه‌رێم به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٨٧، ٨٨، ٨٩، ٩٧)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان خوێندنەوەی دووەمی بۆ كرا. لەبارەی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "بۆ یه‌كه‌مجاره‌، هه‌وڵده‌درێت به‌پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هاوچه‌رخانه‌، یاسای كار له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربچووێندرێت و به‌ ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی یاسادانان بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتییان ده‌بنه‌ خاوه‌نی یاسایه‌كی كار كه‌ له‌ ژێر بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤ و دابونه‌ریتی خه‌ڵكی كوردستان بێت.
پاشان له‌لایه‌ن لێژنه‌كانی یاسایی و لێژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، پێشنیازكرا ڕاپۆرتی لێژنه‌كان ببنه‌ بنه‌مای گفتوگۆكردن و ئه‌و پێشنیازه‌ به‌كۆی ده‌نگ په‌سند كرا. دواتر ده‌رگای گفتوگۆ له‌سه‌ر مادده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ كرایه‌وه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه و بڕگه‌كانی به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتریان خرایه‌ڕوو. بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دانیشتنی په‌رله‌مان وه‌ستێندرا.
له‌ به‌شی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌دا، گفتوگۆی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر مادده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاسای كار له‌ هه‌رێم به‌رده‌وام بوو. سه‌باره‌ت به‌ به‌شێك له‌سرنج و تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی چه‌ند مادده‌و برگه‌یه‌كی یاساكه‌، كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ڕوونكرده‌وه‌ی پێویستى پێشكه‌ش كرد.
دوای ئه‌وه‌ی ١٠٠ مادده‌ له‌ كۆی ١٥٤ مادده‌ی پرۆژه‌یاساكه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا و ڕایگه‌یاند: "دانیشتنی داهاتوو سه‌عات ١٠ى سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١١/٣٠ به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای كار له‌هه‌رێم.