Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١١/٣٠، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ده‌یڤید هه‌نت، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كرد، كه‌ ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ماڵئاواییكردن بوو به‌بۆنه‌ی ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كه‌ى وه‌ك كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان.
له‌ دیدارێكدا، گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئه‌منیی هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا.
د. هێمن هه‌ورامی، سوپاسی ئه‌رك و كاره‌كانی كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیای كرد كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا له‌ هه‌رێمی كوردستان كاری له‌سه‌ر كردووه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ خواست له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی داهاتوویدا و جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و بره‌ودانی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا كرده‌وه‌.
هاوكات ئه‌رك و ڕۆڵی په‌رله‌مانى بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی كوردستان خسته‌ڕوو و جه‌ختیشی له‌سه‌ر یه‌كڕێزیی نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ بۆ بابه‌ته‌ چاره‌نووسسازه‌كان و پرسه‌ نیشتمانییه‌كان.
لای خۆیه‌وه‌، ده‌یڤید هه‌نت، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕِینی خۆشحاڵیی خۆى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، گووتی: "له‌ماوه‌ی كاركردنمان له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵ كاره‌كانی په‌رله‌مان جێگه‌ی بایه‌خپێدانی ئێمه‌ بووه‌، كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی زۆر گرنگی هه‌رێمی كوردستانه‌"، هه‌روه‌ك جه‌ختیشی له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌ له‌ گشت بواره‌كاندا.